کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زرێبار ئامادەی پێشوازیکردن لە باڵندە کۆچەرییەکان کرا

11:48 - 7 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر ئەنجوومەنی "سەوزی چیا"ی مەریوان لە هەڵمەتێکی ژێنگەییدا دەورووبەری "زرێبار"یان لە زبڵ و پاشماوە خاوێن کردەوە.

ماوەی ٥ ساڵە بەپێی پێویست ئەنجوومەنی "سەوزی چیا"ی مەریوان بۆ پێشوازی لە باڵندەکۆچەرییەکان، دەورووبەری زرێبار لە زبڵ و پاشماوە خاوێن دەکەنەوە.

 بەهۆی کەمتەرخەمیی بەشێک لە گەشتیاران، زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لە دەورووبەری زرێبار بەجێ دەمێنێت کە سەرەڕای ئەوەیکە سیمایەکی ناحەز بە زرێبار دەدات لە وەرزی بارینەکان و هاتنەسەری ئاوی زرێبار کێشە بۆ باڵندە کۆچەرییەکانیش دروست دەبێت.

ئەندامانی ئەنجوومەنی "سەوزی چیا"ی مەریوان داوا لە گەشتیاران دەکەن بۆ پاراستنی زرێبار و باڵندە کۆچەرییەکان پاک و خاوێنی بپارێزن با بە دەستی خۆمان نەبینە هۆکاری لەنێوچوونی زرێبار.