کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زرێبار تاپۆی دەسەڵاتداران

17:11 - 9 پووشپەڕ 2722

ئەلەند مەریوان

زرێبار، گۆلێک لە هەناوی زنجیرەشاخەکانی زاگرۆس، دیمەنێکی سیحراوی لە سروشتێکی هەتا بڵێی جوان، شوێنی کۆبوونەوەی دەیان و سەدان گیاندار و پەلەوەر، شوێنێک بۆ پشوو و حەسانەوەی خەڵکی مەریوان و گەشتیاران.

 کەس نییە بە ڕێبواری بێتە مەریوان و سەردانی ئەم دەریاچەیە نەکات و کەم کەسی خەڵکی مەریوانیش هەیە حەوتووی جارێ سەرێ لە زرێبار نەدات، بۆیە زرێبار ئاوێتەی حەز و خولیا و ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکانی خەڵکی مەریوان و کوردستانە و لە مێژوو و شێعر و ئەفسانەکانیشدا لەگەڵ ئەم خاک و خەڵکە ژیاوە.

کەشی فیکری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆی کوردستان و ئێران پرسیارێکی جیدی و باوی خوڵقاندووە، بۆ کێ؟

 لێرەدا پرسیارەکە بەم شێوەیە دەڕەخسێت،زرێبار هی کێیە؟ بۆ کێ جوانە ؟

فەلسەفەی ڕەخسانی پرسارگەلێک لەم ڕەچەڵەکە لەو کانتێکستەوە دێت کە ئەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئێستا ئیتر زرێبار موڵکی گشتی نییە! بەڵکوو لەودیو حەسار و ویلاکانی قەراخ زرێبارەوە کراوەتە موڵکی شەخسی تاقمێک خاوەن دەسەڵات و پارە.

 زۆربەی خەڵک هەنووکە تەنیا وەک ڕاگوزەر و بە پێش چاوی کەمینەیەکی خاوەن دەسەڵاتدا کە لە هەیوانی نهۆمی سەرەوەی کۆشکەکانیانەوە سەیری عاشقانی زرێبار ئەکەن و ڕەنگە بە توانجەوە باس لە زیرەکی خۆیان و گەمژەیی ئەو ڕێبوارانە بکەن، بە زرێباردا تێئەپەڕن.

 کەمینەیەک کە هەم مامەڵە بە سروشتەوە ئەکەن هەم قانوون، لە هەستیارنەبوونی خەڵک و ناوندە پێوەندیدارەکان بە ژینگە خەریکە زرێبار بە دەردی هەموو ئەو شوێنانە ئەڕوات کە لە سێبەری دەسەڵاتی ئۆلیگارشی ئێرانیدا بەرەوڕووی فەوتان بوونەتەوە.

   پرسیار ئەوەیە، ئایا سروشت بۆ کڕین و فرۆشتن ئەبێت ؟ سروشتێک کەتەنیا موڵکی نەوەیەکیش نییە بگرە تادەگاتە تاقمێک و کەسێک، تەنیا ڕایەڵەی جاڵجاڵووکەیی فەسادی سیاسی و ئابووریی ئێرانە کە زرێباری وەک زۆر موڵکی گشتیتر کردووەتە نێچیری تەماح و حەزی تاقمێکی تازەپێگەیشتووی تینووی  هەڵلووشینی سامانی گشتی.

بە گەشتێک بۆ زرێبار ئەبینیت قەراخ جادە تادەگاتە لەوەڕگەکانی دەوروپشتی زرێبار تەلبەند کراون و لە لێواری دەریاچە تا دەگاتە بەرزترین لووتکەی سەر شاخەکان کە ڕۆژانێک دارستانی چڕ بوون کراوەتە ویلا و ڕۆژانە پاشماوەکانیان ئەڕژێتە نێو زرێبار و کانیەکان پیس ئەکات؛ تراژێدیترین بەشی ئەم درامایە خەیاڵ و ئەندێشەی شێوێندراوی خەڵکە کە لە دوو ئاستدا یارمەتی ئەم دۆخە ئەدات: یەکەم ئەوەی کە خەڵک بە گشتی تەلبەندکردنی فەزای گشتی و دابڕانی سروشت لایان ئاساییە، دووهەم کێبەرکێیەکی ناسالم بۆ دەسپێڕاگەیشتن بەو ئامرازانە کە لای ئەوان سەرچاوەی دەسەڵاتن واتە ڕانتی حکوومەتی.

لە سیناریۆیەکی وەهادا کە پێخۆشبوون و ڕێگاخۆشکردنی حاکمییەتی لەگەڵە کێبڕکێی هەوڵدان بۆ داکۆکی لە مافی گشتی و پاراستنی سروشت ئەبێتە یارییەکی دۆڕاو بۆ دەسپێڕاگەیشتنی تاک بە ڕانتی حکوومەتی لە پێناو بەرزکردنەوەی دیواری کۆشکەکان.

ناکرێت هەوڵ و ماندووبونی لایەنگرانی سروشت و ژینگە کە خەڵک بۆ خۆشەویستی و پاراستنی خاک و ژینگەی کوردستان هان ئەدەن و لەوەش زیاتر مرۆڤگەلێکی شەریف کە گیانی خۆیان لە پێناو ژینگە بەخت ئەکەن لەبەرچاونەگرین؛ بەداخەوە ئەم پرسیارە لە نێوەرۆکدا هەڵەیە بەڵام تاڵ و واقیعییە و بەمجۆرە دەست پێ ئەکات؛ بۆچی پارێزەری ژینگەیەک بین کە سێبەر و حەوانەوەی هیی خاوەن سامانەکانە؟

ئەم پرسیارە بەڕواڵەتی جۆراوجۆر و لە ساتەوەختی جیاوازدا بەرەوڕووی زۆربەی ئەوکەسانە ئەبێتەوە کە لەنێوان بەرداشی حەزی شەخسی و پڕەنسیپە ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەکان خوول ئەخۆن و زۆربەی کات بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی ئەکەوێتە ژێر سێبەری حەزی تاک بۆیە، کاتێک ژینگە و سروشت هی هەمووان نەبێت ئامۆژگاری بۆ پاراستنی تەنیا نەسیحەتێکی ئیدئۆلۆژیکە.

باشترین وەڵام بۆ ئەم دۆخە پارادۆکسیکاڵە ئەوەیە کە بزانین دۆخی ئێستا دۆخێکی ئاوارتەیە کە بەرهەمی ئۆتۆریتەی حاکمییەتێکی سیاسی فاشیستی موتوربەکراو بە حەزی خاو و نەخەمڵیوی مرۆڤە لاوازەکانە، چوونکە هەر لەم دۆخەدا بە هەزاران مرۆڤی خاوەن هەڵوێست هەن کە حازرن بۆ ژینگە و سروشتی کوردستان بمرن.

کەواتە وەک دواوتە دەبێ پێمل بەو کەتوارە ڕاستەقینە بین کە ئەم حاڵەتە ئەزموونێکی باشە بۆ دەسەڵاتی سیاسی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پاراستنی فەزای گشتی لە هیچ حاڵەتێکدا نەکرێتە قوربانی و سەودای پێوە نەکرێت، چوونکە هەنگاوی یەکەمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە پاراستنی موڵکی گشتییەوە دەست پێ ئەکات.