کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زرێبار زیاتر لە هەمیشە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە

11:35 - 16 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: گۆلی "زرێبار"ی مەریوان، بە هۆی نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم، هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، گۆلی زرێباری مەریوان، زیاتر لە هەمیشە، مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە و ئەمە خەڵک و ژینگەپارێزانی کوردی نیگەران کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەریوانەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاند: "بەهۆی نابەرپرسایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیم، ئەم گۆلە ئاو شیرینەی مەریوان، مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە و وێڕای هۆشدارەکانی خەڵک و ژینگەپارێزان، هیچ کاربەدەستێکی ڕێژیم، وڵامدەر نییە".

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: "بیرە ئاوەکانی دەوروبەری زرێبار و داگیرکاریی سپای تێرۆریستی پاسداران و خەڵکی هەلپەرەست لە دەوروبەری زرێبار، لە هەڕەشە جیددییەکانی سەر زرێبارن".

ئەم سەرچاوەیە هەروەها بە ئاماژەدان بە پیسبوون و لێڵیی ئاوی زرێبار، وتی: "لەو هۆکارانەی کە بەدڵنیاییەوە ئەم گۆلەی خستووەتە مەترسییەوە، سووتاندنی زەلەکان و دارستانەکانی دەوروبەری مەریوان و ڕژانی فازڵاوی گوندەکانی دەوروبەری زرێبار بۆ نێو ئاوی ئەم گۆلەیە، جیا لەمانە چەندین هۆکاری تریش هەن، کە هەر کام و لە جێی خۆیدا مەترسییەکی جیددین بۆ لەنێوچوونی زرێبار".

ماوەی چەندین ساڵە کە خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان و کوردستان، بەتایبەت ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، هۆشدارییان داوە کە زرێبار لە مەترسیی لەنێوچووندایە، بەڵام هەمیشە لەگەڵ بێهەڵوێستیی نابەرپرسانی ڕێژیم ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسداران، نەک هیچ هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی زرێبار نادەن، بەڵکوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڕەشەیش بۆ سەر زرێبار و ژینگەی کوردستانن.