ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، مام "ئێقباڵ عەلی ڕەمایی"، پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد.
مام "ئێقباڵ عەلی ڕەمایی"، کوڕی "فەتحوڵڵا و حەبیبە" ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی لە گوندی "بێساران" سەر بە شاری مەریوان، لەدایک بووە.
ناوبراو هەتا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندەواری هەبووە و هەتا تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لە گوندی "بێساران نیشتەجێ بووە.
دوایی شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرش بۆ سەر خاکی کوردستان، لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا پەیوەست بووە بە ڕێزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگریکردن لە خاکی نیشتمان چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.
مام "ئێقباڵ" لە ماوەی ژیانی پڕ لە شانازیی پێشمەرگایەتییدا لە چەندین ئەرکی حیزبیدا خزمەتی چالاکانەی بە حیزب و گەلەکەی کردووە.
لە ساڵی ١٣٥٨هەتا ٥٩ی هەتاوی سەرپەل بووە. لە ساڵی ١٣٦٤ هەتا ٦٩ی هەتاوی و بۆ ماوەی ٦ ساڵ "یاریدەدەری کادر" بووە. ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی و هەتا کۆتایی ژیانی، لە ناوەندی ١، بووەتە "بەرپەرسی خەدەمات" و هەروەها لە ساڵی ١٣٨٢ پاش بەڕێوەچوونی دەورەیەکی سیاسی، بووەتە کادری دەرجە ٤.
ئەو پێشمەرگە خۆنەویستە هەتا کۆتایی ژیانیی بە ئارمان و ئامانجە بەرز و مرۆڤتەوەرەکانی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە، مخابن ئەمڕۆ ٢٠ی بەفرانبار سەنگەری بەرخۆدانی هەتا هەتایە بۆ هاوسەنگەران و هاوبیرانی بەجێهێشت. تەرمی نابراو لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە "کۆیە" بە خاک ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی بۆ لەدەستدانی ئەم هاوڕێ تێکۆشەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری مام "ئێقباڵ" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.