کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زلـلەی دوینێ و ئەمڕۆ

18:18 - 11 رێبەندان 2720

خالید دەرویژه

لەدوای ئەوەی عەلی ئەسغەر عەنابێستانی ،بەناو نوێنەری مەجلیس زلـلەیەکی لەبنان گوێی سەربازێکی هاتوچۆ دا، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان وەڕێکەوت.

زلـلەی ئەم نابەرپرسە بەناو نوێنەر و یاسادانەرە نە یەکەم زلـلەیە لە گوێ یاسا و خەڵکی ئەم جوغرافیا بەڵالێدراوە دەکەوێ و لە ئەگەری بەردەوامبوونی نە دوایین زلـلەش دەبێت کە دەسەڵاتی بان یاسای و یاغی لە عورف و یاسای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و قاڵبووەکان لە بەیتی ڕەهبەری، بۆ مانەوەی خۆیان لە سەر دەسەڵات دەیوەشێنن. لە ڕێژیمێکدا کە بەها و نۆرمە ئینسانییەکان، یا هەر لەسەرتای بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕش، بوونیان نەبووە و یا ئەوەندەش کە بۆ داپۆشین و شاردنەوەی ڕووخساری دژەئینسانی و دژە شارستانییەتییەکەیان وەک دەمامکی ئەمڕۆییانە کەڵکاژۆیان لێ وەرگرتووە، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازی هەنگاو دەنێت و لەژێر پۆستاڵی خۆێندنەوەی بیری ویلایی و خۆ بە قەییم زانی، ئاداری بەسەر پادارییەوە نامێنێت. ئەوە لانیکەمی ئەم کردەوە قێزەونانەیە کە لەهەمبەر خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەڕێوە دەچێت.

جیا لەوەی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ترس و تۆقاندن و سێدارە، لە گرتن و ڕاوەدوونان و ئێعدامی ڕۆڵە تێکۆشەر و ئازادیخوازەکانی ئەم وڵاتەوە بگرە تا گەندەڵی و بەفیرۆبردنی سامانی گشتی و دەیان کردەوەی تری دژە خەڵکی کە بەشێکی بچووک لە سیاسەتی هەمیشەیی و نەگۆڕی ڕێژیم بوونە، جگە لە کوردستان کە بە خوێندنەوەیەکی درووست لە ماهیەتی ڕێژیم، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم دەسەڵاتە نگریسە، دژی سیاسەتەکانی ڕاوەستاوە و قوربانیی زۆریشی بۆ داوە، لە هەریمەکانی تر زۆرینەی خەڵک یا یارمەتیدەری ڕێژیم بوونە یا ئەگەر تاق و لۆق  و ڕێکنەخراو دژکردەوەیان نیشان داوە، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بە قازانجی ئازادی و دەستەبەربوونی مافە ئینسانییەکانیان نەبووە، ئەمڕۆ دەبینین ئەوانیش قۆڵی هیمەتیان لێهەڵماڵیوە و ئەوەش مزگێنیدەری ئاسۆیەکی ڕوون و گەشە و لە ئەگەری گشتگیربوونی چاوەڕوانکراویدا، کۆشکی مڵهوڕی و زۆرداریی دەڕووخێنێت.

دژکردەوەی ئەم سەربازە لەهەمبەر کردەوەی نایاسایی عەنابێستانی لە چەند لاوە جێگەی سەرنجن کە بۆ شۆڕبوونەوە و گشتیبوونی ئەکتی شۆڕشگێرانە دەبێ کەڵکیان لێوەربگیرێت.

بە هاوکاریی شاهیدانی ڕووداوەکە، ئەم کردەوە سەرەڕۆیانە، گەرماوگەرم لە دوو توێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەڵگەمەند دەکرێت و بەشێوەیەکی بەرین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە.

شاهیدانی ڕووداوەکە دەست لەسەر دەست دانانێن و هەر یەکەو لە ئاست توانایی و بەپێی خەلاقییەتی خۆی لە سیگناڵ لێدان و هووراکێشان و پشتڕاستکردنەوەی وتەی سەربازەکە و پشتیوانیکردنی، ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە دژایەتیکردنی زوڵم و سەرەڕۆیی دەگێڕن.

لەگەڵ ئەوەی سەرەتا عەنابێستانی وەک نەریتی باوی ئەربابەکانی، هەوڵی چەواشەکردن و خۆدزینەوە لە ڕووداوەکە دەدات، بەڵام دواجار لەژێر گوشاری شەپۆلی شوێندانەریی بیروڕای گشتی لە لایەک و بە بەرەکەتی ڕەوتی ڕوو بە گەشەی تێکنۆلۆژی و هاوکاتبوونی کەلێنی قووڵ لەنێو باڵەکانی دەسەڵات کە بە پشتڕاستکرنەوەی وتەکانی سەربازەکە لەلایەن ئیدارەی پۆلیسی هاتوچۆ بەرجەستە بووە لە لایەکی ترەوە،عەنابێستانی ناچار بە پاشەکشە دەبێت.

بێ گوومان لە ئەگەری قەبووڵنەکردنی زوڵم و ناعیداڵەتی و ڕاوەستان لە بەرامبەریدا و هاوکات گشتگیربوونی ئەم ئەکتە ئازادیخوازییە، بە تایبەت لە بارودۆخی پڕ لە قەیرانی دەسەڵات، چارەنووسی کوماری ئیسلامی هاوشێوەی ئەو دەسەڵاتانەی ویست و داخوازییەکانی خەڵکەکەیان، تەوەری سەرەکی و بنچینەیی بەرنامە و سیاسەتیان نییە. ئەگەر شانس بێنن و نەکەونە بەر شاڵاوی ڕقی پیرۆز، زبڵدانی مێژوویە.