کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمان، سووژەی نوێی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ درێژەدان به چەواشەکاری

12:33 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی وەزارەتی ئێرشادی ڕێژیمی ئێران، لە چەواشەکارییەکی نوێدا، مۆڵەتی دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی گشتی بە زمانی تورکیان پەسەند کردووە.

نادر قازیپوور، لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە مۆڵەتی دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی تورکی لە لایەن وەزارەتی ئێرشادی ڕێژیمەوە پەسەند کراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ئەم هەوڵەی بەرپرسانی ڕێژیم هاوکات لەگەڵ ئاماژەیان بە مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ بەلاڕێدابردنی بیری گشتیی بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێرانە کە بەردەوام هەوڵی کپکردنی دەنگی نەتەوەکانی ئێران و هەروەها زەوتکردنی مافە سەرەتایییەکانی ئەوان دەدات.

بەرپرسانی رێژیمی ئێران، پێشتر لە شارەکانی کوردستاندا بە دەیان هەفتەنامەی کوردییان داخست و ئێستاش گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر چالاکانی بواری زمان و فەرهەنگ ڕۆژنامەوانی.

بەرپرسانی ڕێژیم، پێش بە هەموو جۆرە چالاکییەکی تایبەت بە گەشەی زمانی نەتەوەکان دەگرن و لە بۆنەگەلێکی وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا به هەواڵی دەرکردنی ڕۆژنامەیەک بە زمانی تورکی سەرپۆشێک لەسەر کارەکانی خۆیان کە دژ بە نەتەوەکانی دیکەیە، دادەنێن.

هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٢١ی فیورییه، واتە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، باسی مافی نەتەوەکانی ئێران سەبارەت به خوێندن بە زمانی دایکی دەکەوێتە بەرباس و زۆر لایەن و ڕێکخراوی تایبەت بە زمانی دایکی، لە ڕێگەی کەمپەین و بە بەڕێوەبردنی سێمینار، کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمی جیاجیادا، پێداگری لەسەر ئەم پرسە دەکەن.