کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥٠٠ زمان و شێوەزار لە جیهان مەترسیی فەوتانیان لەسەرە

12:48 - 25 بەفرانبار 2721

بەپێی لێکۆڵینەەوەی زانکۆی نیشتمانیی ئوسترالیا، ١٥٠٠ زمان و شێوەزار تا کۆتایی ئەم سەدەیە مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە لەنێو بچن.

ئەو لێکۆڵینەوەیە دەرخەی ئەوەیە ٧ هەزار زمان و شێوەزار لە جیهاندا بوونیان هەیە کە قسەیان پێ دەکرێت و ئەگەر کار بۆ پاراستنیان نەکرێت، هەر مانگ یەکێکیان لەنێو دەچێت.

ئەو شێوەزارانەی کە ئێستا لە کوردستان مەترسیی فەوتانیان لەسەرە بریتیین لە: "هەورامی، زازاکی، مەندایی و ئاشووری نوێ".

هەتا ئێستا سێ زمانی ئارامیی جووەکان وەکوو "لیشانید نۆشان، لیشانید دیدان، لیشان هۆزایی" کە بە ڕیز لە "هەولێر، ورمێ و ڕۆژئاوای دهۆک" قسەیان پێ دەکرا، ئێستا بە تەواوی لەنێو چوونە.

ئەو لێکۆڵینەوەیە هۆی سەرەکیی لەنێوچوونی زمان و شێوەزارەکانی بۆ پێشکەوتنی پەروەردە و زیادبوونی هاتوچۆ لە نێوان گوند و شارەکان گەڕاندووەتەوە و دەڵێ ئەو هۆکارانە بوونەته هۆی ئەوەی خەڵک واز لە هەندێک لە زمان و شێوەزارەکان بهێنن و ڕوو بکەنە زمانە فەرمی و سەرەکییەکان.