کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمان کۆڵەکەی ڕاگرتنی نەتەوەیە

12:43 - 1 رەشەمه 2721

بێهزاد قادری

زمان

مرۆڤ بوونەوەرێکە کە بە کەڵکوەرگرتن لە سیستەمێکی زۆر پێشکەوتووی پەیوەندیگرتن واتە "زمان"، لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکرێتەوە. ئەم سیستەمە ئەو توانایە بە مرۆڤ دەدات کە بتوانێت زانیارییەکانی دەوروبەر وەربگرێت و ئەو زانیارییانە بۆ کەسێکی تر ڕابگوازێت.

"زمان" دوو ئەرکی بنەڕەتیی هەیە: یەکەم ئەوەیە کە توانای پێ داوین لەگەڵ کەسانی تر پەیوەندی دروست بکەین و بەم شێوەیە زانیاری و ڕوانگە و هزری خۆمان ڕابگوازین یان هەمان شت لە کەسی دووەم وەربگرین؛ دووەم ئەرک ئەوەیە کە توانای بیرکردنەوەی پێ داوین.

زمانی دایکی

"زمانی دایکی" یان "زمانی یەکەم" بە یەکەمین زمانێک دەوترێت کە منداڵ فێری ئاخاوتنی دەبێت؛ بە واتایەکی تر زمانی دایکی واتە زمانێک کە منداڵێک بۆ یەکەمین جار قسەی پێ دەکات و لە ڕێگای ئەوەوە بیر دەکاتەوە.

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

٢١ی فێوریه‌ لەلایەن ڕێکخراوەی جیهانیی "یوونسکۆ"وە وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ناوەدێر کراوە. ئەم ڕۆژە لە کۆنفڕانسی گشتیی یوونسکۆ لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینی بە مەبەستی یارمەتیدانی جۆراوجۆریی زمانی و فەرهەنگی دیاری کرا. کۆڕی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی گرینگیی زمانی دایکی، ساڵی ٢٠٠٨ی وەکوو ساڵی جیهانیی "زمانەکان" ناودێر کرد.

هەر لەمبارەوە ڕێکخراوەی جیهانیی یوونسکۆ ڕایگەیاندووە: "هەر تاکێکی کۆمەڵگە کە نەتوانێت بە زمانی دایکیی خۆی بخوێنێت و بنووسێت، نەخوێندەوار دێتە ئەژمار".

گرینگیی زمانی دایکی

زمانی دایکی و فێربوونی زمانی دایکی، کاریگەرییەکی پڕبەرهەم لەسەر کەسێتیی هەر تاکێک دادەنێت. زمانناسان، ژینگەناسان و دەروونناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئاهەنگ و ڕەنگ و جوانیی دەنگی دایک، تەنانەت کاتێکیش کە منداڵ لە سکی دایکیدایە، بۆ ئەو ڕادەگوازرێتەوە. واتە بەشێک لە میراتێک کە منداڵێک لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێتە دونیاوە، خەزێنەگەلێک لە زمانی دایکیشی لەگەڵە؛ بەم پێیە کۆرپەکان بەنیسبەت دەنگی دایکیانەوە زۆرتر لە دەنگی هەر کەسێکی تر لە خۆیان کاردانەوە پیشان دەدەن. هەر لەم پەیوەندییەدا، یەکەمین چەمکسازییەکانی منداڵان لەبارەی خۆیان و جیهانی دەوروبەریان، لەسەر بنەڕەتی زمانی دایکییان شێوە دەگرێت، بەم هۆیەوە منداڵان یەکەم ئەزموونی دەروونی و ناسینیی خۆیان لە جیهان، بە زمانی دایکیی خۆیان دەردەبڕن.

کۆمەڵناسانیش باوەڕیان وایە کە زمانی دایکی لەگەڵ شیری دایک دەڕژێتە نێو گیانەوە و بە مردن لە لەش دەڕواتە دەرەوە و سەپاندنی زمانێکی تر بەسەر منداڵێک کە تازە فێری قسەکردن بووە، وەک تاوان دێتە ئەژمار.

زمان و بیرکردنەوە

یەکێک لەو بابەتانەی کە لە ڕابردوویەکی دوورەوە خەڵک باوەڕیان پێ هەبووە ئەوەیە کە "بیر" پرۆسەیەکە کە بە زمانەوە بەنە. "ئێشتین بێرگ" لە کتێبی خۆی بە ناوی "دەروونناسیی زمان"، بۆچوون و هزرگەلێکی زانستی کە باوەڕیان وایە بیر پشتی بە زمانەوە بەنە، بەسەر چوار گرووپدا دابەش کردووە کە بریتین لە:

- گرووپێک کە لەسەر ئەو باوەڕەن بەرهەمەکانی زمان و هەڵسوکەوتەکانی تر، شتانێکن کە ژێرخانی بیر پێک دێنن.

- گرووپێک کە باوەڕیان وایە زمان ژێرخانی بنەڕەتیی بیرە.

- گرووپێک کە باوەڕیان وایە سیستەمی زمانی و ڕێزمانیی هەر تاکێک، شێوەی ڕوانینی ئەو تاکە سەبارەت بە جیهان دەستنیشان دەکات.

- گرووپێک کە باوەڕیان وایە سیستەمی زمانی و ڕێزمانیی هەر تاکێک، فەرهەنگی ئەو تاکە دەستنیشان دەکات.

گەشەی زمان هاوتەریبی گەشەی بیرە یان تەنانەت گەشەی زمان لە پێشترەوەیە. زمان شێوە بە بیر دەبەخشێت. هەروەها مرۆڤ بە چەمکسازی دەتوانێت پاڵنەرەکانی دەوروبەر بناسێت و ئۆرگانیزەیان بکات. ئەگەر مرۆڤ توانای ئۆرگانیزەکردنی نەبووایەت، ژیانی تووشی بێسەرەوبەرەیی دەبوو، واتە مرۆڤ بەم پێیە سەرنجی هەندێک لە دیاردەکان دەدات و گرینگی بە هەندێکی تر نادات. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە دەتوانێت بە کەڵکوەرگرتن لە وشەکان، چەمک دروست بکات. "ڤیگۆتسکی" لەسەر ئەو باوەڕەیە کە: "بیر تەنیا لە ڕێگای زمانەوە دەرنابڕدرێت، بەڵکوو بوونیشی لە زمان سەرچاوە دەگرێت... پەیوەندیی بیر و زمان پەیوەندییەکی ژیانبەخشە، واتە بیر بە کەڵکوەرگرتن لە وشەکان لەدایک دەبێت". هەروەها "وۆرف" باوەڕی وایە: "زمانی هەر کەسێک، چۆنیەتیی بیرکردنەوەی ئەو کەسە دەستنیشان دەکات".

زمان و نەتەوە

زمان هەڵگری بیر و فەرهەنگی هەر نەتەوەیەکە. کاتێک باسی گرینگیی "مێژوو"ی نەتەوەیەک دێتە گۆڕێ، ئەوە "زمانـ"ـە کە ڕابردوو و هەنووکەی ئەو نەتەوەیە پێکەوە گرێ دەداتەوە. بە واتایەکی تر زمان لە سەرەکیترین فاکتەرەکانی بوون و نەبوونی نەتەوەکانە. لەمبارەوە "ماهاتما گاندی" ڕێبەری سیاسی و مەعنەویی هیندییەکان وتوویەتی: "کەسێک کە زمان و ئەدەبیاتی خۆی نەخوێندبێت، مێژووی خۆی نازانێت و ئەوەی کە مێژووی خۆی نەزانێت، داهاتوویەکی نابێت".

"میلان کۆندێرا" نووسەری بەناوبانگی خەڵکی "چێک" وتوویەتی: "یەکەمین هەنگاو بۆ لەنێوبردنی نەتەوەیەک، سڕینەوەی یادەکەیەتی. دەبێ کتێبەکانی، فەرهەنگەکەی و زمانی لەنێو ببەیت. دەبێ کەسانێک دابنێیت کە کتێبی نوێی بۆ بنووسێت، فەرهەنگێکی دەستکردی بۆ دابنێت، مێژوو و زمانێکی نوێی بۆ دابهێنێت، پاش ماوەیەکی کورت ئەو نەتەوەیە کێیە و کێ بووە، لەبیری دەکات. هەروەها دونیای دەوروبەر، هەموو شتێک بەخێراییەکی زیاترەوە لەبیر دەکات".

"جان ئێستوارات" فەیلەسووفی بریتانیایی وتوویەتی: "ئەگەر داگیرکەر بیهەوێت نەتەوەیەک بکات بە پاشکۆی خۆی، سەرەتا هێرش دەکاتە سەر شوناس و زمانی و هەوڵ دەدات کە  ئاسمیلەی بکات. نەتەوەیەک کە فەرهەنگ و زمانی خۆی  لەدەست بدات، لە نەتەوەیەکی دیکەدا دەتوێتەوە".

ئێمە و زمانمان

لە درێژایی مێژوودا هەوڵی زۆر دراوە کە بە ئاسمیلەکردنی زمان و فەرهەنگی کوردی، نەتەوەی کورد لەنێو نەتەوەکانی باڵادەست بتوێننەوە. بەڵام گرینگترین فاکتەرێک کە تا ئێستا ئەم ئیجازەیەی بە ئەوان نەداوە زمانمان بووە، هەرچەند هێشتاکەش زمانمان هەڕەشەی زۆری لەسەرە و زیانی زۆری بەرکەوتووە. داگیرکەرانی کوردستان بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد لە خۆیاندا، بەردەوام و بە شێوەگەلی جۆراوجۆر هێرشیان کردووەتە سەر زمان و فەرهەنگمان. بۆ نموونە فاشیزمی ئێرانی هەمیشە هەوڵی داوە کورد بە گەلێکی ئێرانی یان ژێرکۆمای ئێرانی پێناسە بکات و بەردەوام زمانی کوردی وەک زاراوەیەکی ئێرانی پێناسە دەکەن. هەروەها یەکێک لە گرینگترین ئامرازەکانیان بۆ تواندنەوەی گەلی کورد، سەپاندنی زمانی فارسییە.

بەڵام ئەوەی کە ئەرکە، هەوڵ و تێکۆشانی تاک بە تاکی ئێمەیە. کاتێک زمانمان لەنێو بنەماڵە و کۆمەڵگەکەمان گرینگیی پێ بدرێت و بپارێزرێت، ئەوکاتە مەترسی کەم دەبێتەوە و پیلانەکانی دوژمن دەبنە بڵقی سەرئاو؛ لەم نێوانەشدا چینی خوێندەواری کۆمەڵگە ئەرکیان قورسترە. لە کۆتاییدا دەبێ باش بزانین کە زمان کۆڵەکەی ڕاگرتنی نەتەوەیە، زمان ئەو شوناسە گرینگەیە کە ئەگەر نەیپارێزین و هەوڵ نەدەین گەشەی پێ بدەین، بە تێپەڕبوونی کات و پاش گۆڕینی زمانەکەمان، هەموو پێناسەکانی ترمان دەدۆڕێنین و دەتوێینەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.