خەڵکی گەڕەکی بەهارستانی مەریوان ناڕەزایەتییان لە پیسی کۆڵانەکانی ئەو شارە لە بەر زۆربوونی زبڵ و پاشماوەکان دەربڕیوە.
بەپێی زانیارییەکان ماوەیەکی زۆرە خەڵکی شاری مەریوان گلەیی خۆیان بەنیسبەت کەڵەکەبوونی ئەو زبڵ و پاشماوانە لە نێو شاردا بە گوێی کاربەدەستانی ڕێژیم گەیاندووە، بەڵام هیچ ئاکامێکی نەبووە.
خەڵکی ئەو گەڕەکە وتوویانە کە هاوینان لە بەر تەپ و تۆز و زستانان لە بەر قوڕ و چڵپاو، گوزەران و ژیانیان دژوار بووە.
پێشتر کرێکارانی شارەداریی مەریوان لە بەر دواکەوتنی مووچەی چەند مانگیان مانیان گرتبوو و زبڵی نێو شاریان نەدەگواستەوە، زۆربوونی زبڵی نێو شار کێشەی بۆ خەڵک دروست کردبوو و ئەوەش هەڕەشەیە بۆسەر تەندروستیی خەڵک.