کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربوونی لەڕادەبەدەری سەگی بەرەڵا لە شارەکانی کورستان بووەتە قەیران

12:15 - 29 بەفرانبار 2721

بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، کۆمەڵێک سەگی بەرەڵا لە شاری "مەهاباد" هێرشیان کردووەتە سەر ژنێکی بەساڵاچوو و بە سەختی برینداریان کردووە، هەروەها لە ناوچەی "ئازادگانـ"ـی ئەو شارەش هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتییەک و برینداریان کردووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا هەر لەو شارە کۆمەڵێک سەگ هێرشیان کردە سەر پیاوێک و دەست و لاقی ئەو پیاوە بە هۆیەوە شکان.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی سەگی بەرەڵا لە شاری "مەهاباد" بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

هەتا ئێستا چەندین جار بەرپرسانی ئەو شارە لەسەر ئەو بابەتە کۆبوونەوەیان گرتووە، بەڵام جگە لە بەڵێنیی پووچ و بێ کردەوەیان بە خەڵک، هیچ چەشنە ڕێگاچارەیەکیان بۆ ئەو دۆخە نەگرتووەتە بەر.

لەو پەیوەندییەدا خەڵکی شاری "پیرانشار" بەدەست سەگی بەڕەڵاوە بێزار بوون و وتوویانە، لەوانەیە لە داهاتوودا بەهۆی ئەو سەگانەوە هێرش بکرێتە سەر خەڵک و زیانیان بەربکەوێت.

ئەو دۆخە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بووەتە قەیران و بەرپرسانی پەیوەندیدار وڵامی داخوازییەکانی خەڵک نادەنەوە.