کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربوونی نرخی پاکەتەکانی چیمەنتۆ، زەرەر بە بەرهەمهێنەرانی چیمەنتۆ دەگەینێت

11:10 - 29 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بە وتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی چیمەنتۆ، گرانبوونی نرخی پاکەتەکانی چیمەنتۆ، ئەگەری مایەپووچبوون و داخرانی کارخانە چیمەنتۆکانی بەدواوەیە.

محـەممەدعەلی بۆد، ئەندامی ئەنجومەنی چیمەنتۆ لە وتووێژێکدا باسی لە زیادبوونی نرخی پاکەتی چیمەنتۆ کردووە و وتوویەتی: لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٦، نرخی هەر پاکەت چیمەنتۆی ٥٠ کیلۆیی ٨٥٠ تمەن بووە کە ئێستا ئەم نرخە گەیشتوووەتە ١٨٥٠ تمەن.

ناوبراو وتوویەتی لە ئەگەری چارەسەرنەبوونی ئەم کێشەیەدا، هەندێک لە کارخانە و یەکەکانی بەرهەمهێنەری چیمەنتۆ ناچار بە داخران دەبن.

بە واتایەکی تر گرانبوونی ١٠٠٠ تمەنی نرخی ئەم پاکەتانە کە بریتییە لە تێچووی چاپ و دیزاینی پاکەتەکان، بووەتە هۆی زەرەرمەندبوونی بەرهەمهێنەرانی چیمەنتۆ، چونکە لەم حاڵەتەدا هاوکات لە گەڵ زۆربوونی نرخی خودی چیمەنتۆ و تێچووەکانی بەرهەمهێنان بۆ چالاکانی ئەم بوارە، زۆربەی یەکە بەرهەمهێنەرەکان ناچار بە داخستنی یەکەکان لە ئاکامی مایەپووچبووندا دەبن. 

بە وتەی بۆد، هەر ئێستا بەرهەمهێنەران بۆ ئەوەی بتوانن لە کاری بەرهەمهێناندا بەردەوام بن دەبێ بتوانن سەرەتا بەرهەمەکانی خۆیان بفرۆشن و بەو پارەیە درێژە بە چالاکی بدەن، لە حاڵێکدا کە زۆربوونی نرخەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە خوازیارانی کڕینی ئەم بەرهەمە کەم ببێتەوە و لە ئاکامدا چیمەنتۆی بەرهەمهاتووش نەفرۆشرێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی داخرانی یەکجاری کارخانە و یەکەکان و بێکاریبوونی کرێکارانیشی بە دواوە دەبێت.