کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربوونەوەی دەستفرۆشی، دۆخی بازاڕی ئەردەڵان لە شاری سەقزی تێکداوە

18:47 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: زۆربوونەوەی ڕێژەی دەستفرۆشان لە شاری سەقز بە هۆی زۆربوونەوەی ڕێژەی بێکاری و قەرەباڵغبوونی شوێنەکان، ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەم شارەی لێکەوتووەتەوە.

شاری سەقز دووهەمین شاری گەورەی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانه کە لەگەڵ دیاردەی زۆربوونەوەی ڕێژەی دەستفرۆشان بەرەوڕوو بووەتەوە؛ زۆربوونەوەی ڕێژەی ئەم دەستفرۆشانە ترافیکێکی زۆری لە شوێنەکانی هاتوچۆی خەڵکدا دروست کردووە, بە شێوەیەک کە جیا لە خەڵکی ئاسایی، خودی دووکاندارەکان و کاسبکارانیش تووشی سەرئێشە و کێشە بوونە.

گەشەی نرخی بێکاری و کەمبوونەوەی ئاستی توانایی خەڵک لە دابینکردنی تێچووەکانی ژیان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆربوونەوەی دیاردەی دەستفرۆشی لە شارەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان بووە؛ لە لایەکی تریشەوە نەبوونی بەڕێوەبەریی ڕێکوپێک و هەروەها نەبوونی ڕێکخستنی گونجاو لە زۆربوونەوەی ئەم دیاردەیەدا، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە.

زۆربوونەوەی دیاردەی دەستفرۆشی، ناڕەزایەتیی بەرچاوی دووکاندارانی بازاڕی ئەردەڵانی شاری سەقزی بەدواوە بووە، چونکە بە بڕوای ئەم دووکاندارانە، دەستفرۆشەکان سەرەڕای ئەوەی کە پارەیەک وەکوو کڕێی دووکان و ماڵییات بە ڕێژیم نادەن، کاروباری ئەوانیش بەرەو لاوازی دەبەن.

نەبوونی هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان وای کردووە کە زۆربەی کات لاوانی خوێندەواریش پاش تەواوکردنی قۆناغە باڵاکانی خوێندن ڕوو لەم کارە بکەن یان بە کاری کۆڵبەری لە سنوورەکاندا خەریک بن؛ نەبوونی هەلی کار و زۆربوونەوەی ڕێژەی بێکاری بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا، بەرزبوونەوەی ئەم دیاردەیەی بەدواوە بووە.

ساڵانێکە لە شارەکانی کوردستاندا دەستفرۆشان داوا لە بەرپرسانی رێژیم دەکەن تاکوو بەدیاریکردنی شوێنی تایبەت بە مەبەستی بەردەوامی لە کارەکانیان، کیشە بۆ دووکاندارانیش دروست نەکەن، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ئاوڕێک لەم دۆخە نادەنەوە و زۆربەی کاتیش مەئموورانی شارەداری بە خراپترین و ناشیرینترین شێوە لەگەڵیان بەرەوڕوو دەبنەوە و بارەکانیشیان دەبەن یان لەسەر شەقامەکان هەڵێدەڕێژن کە نموونەی بەرچاوی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنه بوو کە کەلوپەلی دەستفرۆشێکیان بەتەواوی لەنێو برد.