کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی خەڵک جیا لە نان و پەنیر خۆراکی دیکەیان نییە

11:13 - 15 خەزەڵوەر 2720

جێگری سەرۆکی کۆمیسۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، دۆخی بژێویی خەڵک زۆر دژوارە و زۆربەی خەڵک جیا لە نان و پەنیر خۆراکی دیکەیان نییە.

سەید "کازم مووسەوی" باسی لە گرانیی هەوسارپچڕاو کردووە و هۆکاری ئەو دۆخە نالەبارەی خستووەتە ئەستۆی دەسەڵات.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، مەجلیسی یازدەهەم بە دروشمی "چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان" دەستی بەکار کرد، بەڵام دوای تێپەڕینی ٦ مانگ تەنیا گەڵاڵەیەکی ئابووری لەژێر ناوی "یارانەی دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان" خستووەتە کار.

لەو پێوەندییەدا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران خەڵک بۆ کڕینی ڕۆن و برنج لە سەفەکاندا ڕادەوەستن.

گرانبوونی سەرەکیترین پێداویستییەکانی خەڵک وەک نان، شیرەمەنی، قەند و چا، کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە. ئەو کێشانەش لە جێی چارەسەرکردنیان تەنیا لەنێوان وادە و بەڵێنیی کاربەدەستانی ڕێژیمدا هەڵواسراو ماونەتەوە.

دابەزینی بەهای ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلار بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی خۆراک لە ئێران لەقەڵەم دەدرێت و لە ماوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ڕیاڵ بەهای خۆی لەدەست داوە.