کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی زەوییەکان لە کوردستان و ئێراندا ڕۆ دەچن

18:31 - 14 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی بارینی بارانی زۆر و هاتنی لافاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا، زۆربەی زەوییەکان ڕۆ چوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای بارینی باران و هاتنی لافاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێراندا، زۆربەی زەوی و تەپۆڵکە و ڕێگاوبانەکان لە کوردستان و ئێراندا ڕۆ چوونە و خەڵکی تووشی خەسار و زەرەری ماڵی کردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە هۆی بارینی بارانی زۆر لە کوردستان و ئێراندا، لە شاری سنە، بەشێک لە ماڵەکانی "مەسکەن مێهر"، لە گەڕەکی "دێگەرانـ"ـی سنە و هەروەها زۆربەی زەوی و تەپۆڵکەکان لە "حەسەنئاوا"ی سنە ڕۆ چوونە و خەڵک تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بوونە.

هەر لەم پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، ڕێگای هاتووچۆی نێوان "سەوڵاوا" و "کامیاران" لە دەوروبەری گوندی تفێن ڕۆ چووە و بە هۆی ئەو ڕۆچوونە ڕێگای هاتووچۆ لە خەڵک گیراوە.

هەروەها، داڕمانی کێو لەسەر رێگای هاتووچۆی "حەمیل بۆ ئیلام" ئەو ڕێگایەی بەستووە و هاتووچۆی خەڵکی لەو ڕێگایەدا تووشی کێشە کردووە.

ڕۆچوونی زەوی دیاردەیەکە، کە بە هۆی نەرمبوونی خاک و مژینی ئاوی زۆر، خاک لە شوێنی خۆیدا دەخزێت یان ڕۆ دەچێت و لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم دیاردەیەش دەتوانین ئاماژە بە ڕوودانی بوومەلەرزە، بارینی بارانی زۆر، بڕینەوەی دارەکان و لەنێوبردنی لێڕەوارەکان بکەین، کە ئەو ڕۆچوونە پڕتاوە زەرەر و زیانێکی زۆری لێ دەکەوێتەوە.