کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی ناوچە و گوندەکانی کوردستان لەگەڵ کێشەی بێئاوی بەرەوڕوون

12:24 - 13 خەرمانان 2721

سەرەڕای ئەوەیکە بەشی "سیلوانا" سەر بە شاری "ورمێ" پڕئاوترین ناوچەیە،بەڵام بەو حاڵەش لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەوڕوو بووەتەوە.

نەبوونی بەڕێوبەریی شیاو لەو بەشە بووەتە هۆی ئەوەیکه لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ناوچەی "سیلوانا" لەگەڵ کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوو بێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی کێوە بەرزەکانی "سیلوانا" لە زستان و هاویندا پڕ لە بەفرن، بەڵام لەو بەهرەیە بۆ دابەشکردنی ئاو کەڵک وەرناگرن و تەنیا بەنداوێک سازکراوە کە هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی ناوچەکە تێدا نییە.

هەروەها گوندی "مەنسوور ئاوا"، سەر بە ناوچەی "مەرگەوەڕ" " بە حەشیمەتی نزیک بە هەزار کەسی لەگەڵ کێشەی بێئاوی بەرەوڕوو بوونەتەوە  و کاربەدەستان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هیچ هەوڵێک نادەن.

نزیک بە ٨٠ لەسەدی گوندەکانی ناوچەی "سیلوانا" لەگەڵ بێئاوی بەرەوڕوون.

لەلایەکی دیکە پچڕان و کەمبوونەوەی ئاوی بەخووڕ، کێشەی بۆ خەڵکی گەڕەکی سێڕای "ژاژۆکە" شاری "سەردەشت" و زۆربەی شوینەکانی دیکەی ئەو شارە دروست کردووە.

هەروەها بەشێکی زۆر لە گوندەکانی ناوچەی "هەوشار" کێشەی بێئاوییان هەیە.

بەرپرسانی ڕێژیم وەکوو هەموو بابەتەکانی دیکە دەیانهەوی کوردستان سەرەڕای دەوڵەمەند بوون لە بواری سەرچاوەی ئاوی و کانگای سرووشتییەوە بکەنە پاشکۆ و هیچ هەوڵێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی نادەن بەڵکوو پێشی سەرچاوە ئاوییەکانییان گرتووە و ئاوەکەی ڕادەگوێزن بۆ شارە غەیرە کوردەکان.