کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆرتر لە ٤ هەزار منداڵی تارانی، لە زبڵدانەکاندا نانیان دابین دەکەن

13:22 - 23 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئەنجومەنێکی پشتیوانی لە مافی منداڵان ڕایگەیاندووە کە لە تاراندا ١٤ هەزار کەس لەنێو زبڵدانەکاندا نانیان دابین دەکەن کە یەک سێیەمی ئەوان، منداڵانن.

پێشتر ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم باسیان لەوە دەکرد کە ژمارەی منداڵانی کار لە تاراندا و لە شەش مانگەی یەکەمی ساڵی ٩٧دا، زۆرتر لە ٨ هەزار کەسە.

"فەرشید یەزدانی"، بەرپرسی ئەنجومەنێکی پشتیوانی لە مافی منداڵان، بە ئاماژەدان بەوەی کە ١٤ هەزار کەس لە پێتەختی ئێراندا نانیان لە زبڵدانەکان دابین دەکەن، وتی: "٤ هەزار و ٧٠٠ منداڵ لە تاراندا سەری زبڵەدانەکانی شەقامەکان دەپشکنن تا نانی شەویان دابین بکەن!"

هەروەها ئامارێکی ڕوون بۆ ڕێژەی ئەو کەسانە کە لە ئێراندا نانیان لە زبڵدانەکان دابین دەکەن، بوونی نییە و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە گرووپ و باندگەلێک، منداڵان بەکار دەهێنن تا سەری زبڵەکان بپشکنن و لە بەرامبەردا پارەیەکی کەمیان پێ دەدەن.

لە لایەکی دیکەوە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە شارەداریی تاران، لە "سووڕی ماڵیی زبڵ"، پشکی میلیاردیی بەر دەکەوێت.

هەروەها "بەهار ئاورین"، ئەندامی شۆرای تاران، ئاماژەی بە بوونی مافیا لەسەر باسی زبڵ کردووە و ڕایگەیاند: "شارەوانیی تاران، لە کۆمەڵی ٢ تا ٣ هەزار میلیارد تمەنیی سووڕی ماڵیی بواری زبڵ، ٢٠٠ میلیارد تمەن پشکی هەیە."

ئەمانە باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی ڕێژیم ڕەحم بە خەڵک و ئەو منداڵانەی کە زبڵدانەکانیش دەپشکنن، ناکەن و لە کارکردنی ئەوان، میلیاردها تمەن پارەیان دەست دەکەوێت.