کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆرداری و دیکتاتۆری لە ڕوانگەی "مانس ئیشپێربێر"ەوە

17:08 - 21 گەلاوێژ 2719

سندووس

لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم و لە مابەینی دوو شەڕی یەکەم و دووەهەمی جیهانیدا، جۆرە سیستمێکی دەسەڵات سەریان هەڵدا کە بێجگە لەوەیکە وڵاتیان کاول و وێران دەکرد، لە ناخەوەش مرۆڤیان دەڕووخاند.

ئەو کەسانەی دەکەوتنە بەر تەوژمی ڕووخێنەری ئەو سیستمانەوە، سەرخۆش و بێ ئیرادە، لە بواری مەعنەوییەوە خۆیان بە قۆچکی دەسەڵاتەوە دەبەستەوە و تەنیابوونی ڕێبەر و پێشەوا، ئەوانی دادەسکناند و ئارامیی پێدەبەخشین، ئەوەش بەرهەمیی بارودۆخێک بوو کە سیستمە توتالیتێرەکان بەرهەمیان دەهێنا و ژیان و چارەنووسی کۆمەڵگا و تاکەکانی نێو کۆمەڵگایان ئاوا لێڵ و بێ شووناسی مرۆڤایەتی دادەڕشتەوە.

بۆ ناسینی ئەم دیاردە قێزەونە، هەم ئەو کەسانەی لە بەستێنی بۆچوون و فەلسەفەی سیاسیدا کاریان دەکرد، وەخۆکەوتن و هەم ئەو کەسانەی چالاکی بواری دەروونناسی بوون، لە بواری فەلسەفەی سیاسیدا کەم کەس هەیە ناوی "هانا ئارێنتـ"ـی نەبیستبێت و بۆچوونە بە پێزەکانی بۆ ناسینی ئەو سیستمانەی مرۆڤ لە ناخەوە هەڵدەتەکێنن، نەخوێندبێتەوە. بەڵام لە بواری دەروونناسی و دەروونشیکاریدا، "فرۆید"، "یۆنگ"، "ئادلێر"، "هۆڕنای"، ڕەفتارگەرا و زەینگەراکان و... لەنگەریان لەسەر شێوەی سەرهەڵدانی ئەو کەسانە گرتووە کە دواجار بوونەتە مووسیبەتی هەرەگەورە بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ژیانیان تا ئاستی بەیەکجاریی وشکاندن بەدووی خۆیاندا پەلکێش کردووە.

یەکێک لەو کەسانەی هەر لە هەڕەتی لاویدا بە وردی خوێندنەوەی دەروونناسانەی بۆ مرۆڤە پاوانخواز و تەکڕەوەکان هەبووە، نووسەری ئاڵمانی "مانس ئیشپێربێر"ە ( Manes Sperber) (۱۹۰٥ - ۱۹۸٤). "ئیشپێربێر" لەژێر کاریگەرێتیی مامۆستاکەی واتە "ئادلێر"دا بە شێوەی دەروونناسیی تاکی (روانشناسی فردی)، سەری بەسەر خوێندنەوەی کەسایەتیی ئەو کەسانەدا شۆڕکردەوە کە وەک خۆرە دەکەونە گیانی کۆمەڵگا و دواجار بە تەواوی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵک دەخەسێنن و بە شوێن خۆیاندا ڕەکێشی دەکەن.

ئەوەی "ئیشپێربێر" لە کتێبی "نقد و تحلیل جباریتـ"دا باسی دەکات، زیاتر ڕوخسار و کەسایەتیی دیکتاتۆرەکانە بەگشتی. ئەو کەسە "هیتلێر" و "ئیستالین" بێت یان هەر کەسێک کە لە داهاتوودا سەر هەڵ دەدات و ئاوا، تاکەکان ئەتۆمیزە دەکات.

ئەو تایبەتمەندییە هاوبەشەی "ئیشپێربێر" بۆ دیکتاتۆری ناو سیستمە تووتالیتێرەکان دەست نیشانی دەکات زۆر جێگەی سەرنجە، ئەو لای وایە زۆردار لە هەناوی خۆیدا دیاردەیەکی داماو، زەبوون و ترسنۆکە، زۆردار توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕەخنە نەرم و نیان و شارستانییەکانیشدا نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە جوومگەکانی ئابووری لە بەردەستی خۆیدا قۆڕغ و پاوان کردووە، بەکرێگیراوەکانی لە جێگەی وڵامی ڕەخنە، بۆ بەربەرەکانیی مەیدانی قورمیش دەکات و دنەیان دەدات.

بە باوەڕی "ئیشپێربێر" زۆرداران لە خۆڕا نابن بە زۆردار، بەڵکوو بەرهەمی ڕەفتاریی خەڵکانێکن کە خووی زۆردارانەیان هەیە. ئەو پێی وایە بۆ ئەوەی دیکتاتۆرییەت بنەبڕ بکرێت و بە یەکجاری کۆمەڵگا جێبهێڵێت، دەبێ ڕۆحییەی دیکتاتۆریی کۆمەڵانی خەڵک لە کزی بدات و نەمێنێت. بە باوەڕی ناوبراو، کەسایەتیی ڕەوانیی دیکتاتۆرەکان وردە وردە و لە زەماندا ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و لە ژیانی ئاسایی دوور دەکەوێتەوە، بە شێوەیەک کە تووشی نەخۆشیی "سادیسم" و دواجار "مازووخیستـ"ـی دەکات. بە باوەڕی "ئیشپێربێر" دیکتاتۆرەکان نەخۆشگەلێکن کە نەخۆشییەکانیان لە نێو هاتوهاواری کۆمەڵانی خەڵکدا، هەم لە خۆیان ون دەبێت و هەم لەوانی تر، هەر بۆیە دەرەتانی دەرمانکردنیان بۆ نامێنێتەوە.

ناوبراو لە کتێبی "جباریتـ"دا باسی دوو جۆر ترس دەکات:

١: ترسی سروشتی و کۆمەڵایەتی

۲: ترسی هێرشبەرانە و شەڕانگێزانە

بەشی هەرە زۆری ڕەفتاری دیکتاتۆرەکان ڕیشەی لە جۆری ترسی هێرشبەرانەدایە و موعتادبوون بە دیاردەی نەیارتاشی (ئەوەی لەگەڵ ئێمە نییە، دژی ئێمەیە)، نیشانەی ئەو ترسە قووڵەیە کە لە ناخیاندایە. ئەو لە زمانی "ئەفلاتوونـ"ـەوە دەڵێت:

"هەموو کەس دەتوانێت لێوەشاوەی سفەتی نەترسی بێت، جگە لە دیکتاتۆر و زۆردارەکان."

دواجار و بە جوانی و بە شرۆڤەیەکی دەروونناسانە دەیسەلمێنێت کە ئەم وتەیەی "ئەفلاتوون" چەندە ڕاستە.

"ئیشپێربێر" پێمان دەڵێت کە چۆن ترس بە درێژبوونەوەی کات و زەمان دەبێتە بێزاری و دواجار خەڵکی ڕەشۆک (تودەی مردم) بۆ دامرکاندنی هەستی بێزارییان لە تاقمێک، هاوکاریی زۆردارێک دەکەن.

"ئیشپێربێر" بۆ زیاتر ناساندنی ترسی هێرشبەرانە نموونە لە دوو ڕاگوزەری نێو لێڕەوارێک دێنێتەوە و ڕای وایە مرۆڤی تووشبوو بە نەخۆشیی ترسی هێرشبەرانە، ڕەوانی، شەڕانگێز، تێکدەر، ڕووخێنەرە، ڕقهەڵگر و تۆڵەستێنە و شتێک بە ناوی خۆشەویستی ماڵی دڵی پێنازانێت.

تەواوی ئەو تایبەتمەندییانەی سەروو، کە بەپێی بۆچوونی "مانس ئێشبێربێر" باسی لەسەر کرا، لە کەسایەتیی زۆردار و دیکتاتۆرانەی خامنەییدا، وەک ڕێبەر و قۆچکی دەسەڵاتی نیزام بە تەواوی دەبینرێت و نووسەری کتێبەکە کاتێک باسی خاڵەکانی کەسایەتیی ئەم مرۆڤە گرگن و بچووک و ترسەنۆکانە دەکات، لە کاناڵێکی چەند جەمسەریدا پێکدەگن:

ئەلف) هەبوونی بەستێنی گشتی بۆ هەڵکشانی ئەم مرۆڤانە لە کۆمەڵگادا، کە بەرهەمی پرۆژەی نادێموکراتیکی کۆمەڵگایە.

ب) پاوانخوازی و ترسی هێرشبەر و شەڕانگێزانە لە کڕوتەون و پێکهاتەی کەسایەتیی نەخۆشیاندا، کە دیسان هەر دەگەڕێتەوە سەر مەداریی شکڵ گرتن و ڕسکانی ئەم کەسایەتییانە لە نێو کۆمەڵگادا.

دیارە ترسی ئەم نیزامە و لێدێرەکەی تەنیا ڕەهەندێکی ژیان ناگرێتەوە، ترس لە کرانەوەی فەزای داخراوی کۆمەڵگا و چوونە سەری ڕادەی زانیاریی خەڵک، ڕەنگە سەرەکیترین خاڵی ترسی خامنەیی و قاپەلێسەکانی بێ، چوونکە هەر بەپێی بۆچوونی نووسەری کتێبەکە، کۆمەڵگای ئازاد و کراوە ناتوانێت لەگەڵ بیری پاشڤەخواز و کۆنەپەرست هاوسازیی هەبێت و ئەم جۆرە بیرە کۆنەخوازانە لە بەرابەر بیری ئازاددا وەک بەفری بەر هەتاو دەتاوێنەوە و خۆناگرن.

ژێدەر:

۱-  نقد و تحلیل جباریت، مانس اشپربر، ترجمەی کریم قصیم، انتشارات دماوند، شهریور ۱۳٦۳

۲-  نوشتەای از دکتر محسن رنانی در وصف کتاب مذکور.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.