کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند فەرماندەی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق هەڵاتوون

14:13 - 8 پووشپەڕ 2720

دەسبەسەرکردنی فەرماندەکانی گرووپە میلیشا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی عێراق، ترسی خستووەتە سەر ئەو گرووپانە و بەم هۆیەوە زۆرێک لە فەرماندەکانی ئەو گرووپانە وڵاتی عێراقیان بەجێ هێشتووە.

''یەحیا ڕەسووڵ''، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وتوویەتی لە دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە لە ئەندامانی دەسبەسەرکراوی گرووپی ''کەتائێب حیزبووڵڵا'' کە سەر بە ڕێژیمی ئێران بەردەوام دەبێت.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە دەزگای دادوەری و زانیارییەکانی عێراق لە لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەسەر کەسانی دەسبەسەرکراو بەردەوام دەبێت.

هاوکات سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی عێراق باس لەوە دەکەن کە زۆربەی فەرماندەکانی میلیشیا چەکدارە شیعەکان یەک لەوان فەرماندەکانی گرووپی ''کەتائێبی حیزبوڵڵا'' چەند ڕۆژ پێشتر وڵاتی عێراقیان بەجێهێشتووە و ڕوویان لە بەیرووت، دەمێشق و تاران کردووە.

دژە تێرۆری عێراق شەوی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕ، ١٤ کەسیان لە یەکێک لە ناوچەکانی بەغدا دەسبەسەر کرد.

ئەو کەسانەی دەسبەسەر کراوان چەندین ڕاکێتئەندازییان لەبەر دەستدا بووە و دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانە بە ئامانجی گەڕانەوەی دەسەڵاتداریەتیی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە.

''یەحیا ڕەسووڵ'' وتوویەتی کە دەزگا دادوەری و ئیتڵاعاتییەکانی عێراق ئیزن بەو عەمەلیاتانە کە دەسەڵاتداریەتیی عێراق دەکەنە ئامانج، نادات

ناوبراو باسی لەوەش کردووە ئێمە ڕێگای وەگەڕخستنی ئاڵۆزی نادەین و یاسا پیادە دەکەین.