کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆرێک لە منداڵە سواڵکەرەکانی ئێران دەستی مافیاکانی ڕێژیمیان لە پشتە

13:24 - 15 گەلاوێژ 2720

مافیاکانی ڕێژیمی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە منداڵانی کار و کەمداهات، تۆڕی سواڵکەرییان لە تاران و چەند شاری دیکەی ئێران دامەزراندووە.

تۆڕی سواڵکەریی مافیاکانی ڕێژیم بە کەڵک وەرگرتن لە هەژاریی خەڵک، منداڵانی کار و هەست و سۆزی خەڵک، ساڵانە داهاتێکی سەرسووڕهێنەر بەدەست دێنن.

مافیاکانی سواڵکەری کە چەند کاربەدەستێکی پلەبەرزی ڕێژیمن، بە دابەشکردنی چەند ناوچەی دەوڵەمەندی تاران لەنێوان خۆیاندا تۆڕی گەورەی سواڵکردنیان دامەزراندووە و ڕێگە نادەن هیچ کەسی دیکە بێجگە لە کەسانی خۆیان لەو ناوچانەدا سواڵ بکات.

نێونجی داهاتی هەر منداڵێکی سواڵکەری ئەو تۆڕە لە ٤٠٠ هەزار هەتا یەک ملیۆنە لە ڕۆژدا بەڵام لەو بڕە پارەیە تەنیا ٣٠ بۆ ٥٠ هەزار تمەن بەشی منداڵەکەیە و ئەوەی دەمێنێتەوە دەچێتە گیرفانی مافیاکان و بەم شێوەیە بەرپرسانی ڕێژیم مانگانە بە سەدان میلیارد تمەن لەو ڕێگەیەوە بەدەست دێنن.

هەر لەو پەیوەندییەدا بەرپرسی بێهزیستیی پارێزگای تاران ئەو کارەی کاربەدەستە مافیاکانی ڕێژیمی پشتڕاست کردەووتەوە و وتوویەتی: "ئێمە وەک ئیدارەی بێهزیستی لە تواناماندا نییە ئەو کارەی مافیاکان کۆنترۆڵ بکەین".