کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئێران "دەنگ" نادەن

12:41 - 18 رێبەندان 2719

لە بەرەبەری نزیکبوونەوە لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی یازدەیەمی ڕێژیمی ئێران، دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران بۆ گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردنەکان ڕاپرسییەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکان لە کەناڵی تێلێگرامدا دانا کە دەرکەوت ٨٢ لەسەدی خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن.

دوای ئاکامی ئەو ڕاپرسییە ڕێژیم ئەو ڕاپرسییەی لە کەناڵی تێلێگرام سڕییەوە.

لەو ڕاپرسییەدا چوار پرسیار هاتبوو کە دەنگ بە کێ دەدەن؟ "ئیسلاح تەڵەبەکان، ئوسوولگەراکان، سەربەخۆکان و دەنگ نادەم".

لە کۆی ١٣٣ هەزار و ٣٤٢ دەنگ، ٨٢ لەسەد دەنگیان ئەوە بووە کە دەنگ نادەن.

دوای ئەو ڕیسواییەی ڕێژیمی ئێران و دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بە شانۆی دەنگدانی ڕێژیمی ئێران، شەبەکەی هەواڵی ڕێژیم ڕاپرسییەکی دیکەی دانا کە هەمان ئاکامی لێکەوتەوە.

لەو راپرسییەشدا هاتبوو کە دەنگ بە کام حیزب یا گرووپ دەدەن؟ "ئوسوولگەراکان، ئیسلاح تەڵەبەکان، دەنگی سپی دەدەم، بەپێی پێوەرەکانی خامنەیی دەنگ دەدم و دەنگ نادەم".

لە کۆی ١٣٤ هەزار دەنگ، ٦٩ لەسەد دەنگیان ئەوە بوو کە دەنگ نادەن.

ڕێژیمی ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە لە هەموو پیلانێک کەڵک وەردەگرێت تاکوو خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن.

"عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیم لە خەڵک پاڕایەوە کە دەنگ بدەن و ڕووحانیش تکای لە خەڵک کرد بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

بازاڕی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا هیچ بازاڕی نییە و ڕێژیمیش هەوڵ دەدات خەڵک ڕابکێشێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.