کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٥ لەسەدی منداڵانی قوتابخانەکان لە ورمێ لە تۆڕی شاد بێبەشن

12:13 - 4 رێبەندان 2720

"مەهین مەنافی" بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم وتوویەتی؛ زیاتر لە ١٥ لەسەدی منداڵانی قوتابخانەکان لە ورمێ لە تۆڕی شاد ناونووسیان نەکردووە.

"مەهین مەنافی" وتوویەتی لەو ناوچانەی کە منداڵان دەستیان بە ئینتێرنێت ڕانەگەیشتووە، کەرەستەی دیکەی پێویست بۆ خوێندن بۆیان دابین کراوە.

ڕێژیمی ئێران دوای گشتگیریی کۆرۆنا تۆڕی "شاد"ی بە شێوەی ئانلاین دانا و قوتابییان دەبا لەو تۆڕەدا وانەکانیان خوێندبا.

بەهۆی تێچووی زۆری ئینتێرنێت و دابیننەکردنی کەرەستەی پێویست بۆ وانە خوێندن بە شێوەی ئانلاین لەلایەن ڕێژیم هەر لەسەرەتاوە ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتەوە و منداڵانیش بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەشداریان لە وانەکانی خوێنداندا دەکرد.

وتەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستان ئاماری جۆراوجۆر لە چالاکبوونی منداڵان لە تۆڕی "شاد"دا بڵاو دەکەنەوە کە لە ڕاستییەکان بە دوورن و خۆیان دانیان بەودا ناوە کە تەنانەت ئەو قووتابییانەی لە تۆڕی "شاد"یشدا ناونووسیان کردووە چالاک نین.