کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١١.٦ ملیۆن نەخوێندەوار لە ئێراندا هەیە

12:13 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا:  لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، زیاتر لە ١١.٦ ملیۆن کەس خوێندەوارییان نییە.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەبارەی ئاماری نەخوێندەواری لە ئێراندا ڕایانگەیاندبوو کە تەنیا ٩ ملیۆن کەس لە ئێراندا نەخوێندەوارن و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، "لەیلا ڕەزایی"، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی خولەکانی پەروەردەی سەوادئامووزی ڕایگەیاندبوو کە لە ئێراندا ٨ ملیۆن نەخوێندەوار هەن.

ڕێژیمی ئێران، وەک هەمیشە و لە سیاسەتە چەواشەکارانەکانییاندا، ئاماری ڕاست لەبارەی دیاردە نەخوازراو و کێشەکانی کۆمەڵگاوە بڵاو ناکەنەوە و ڕاستییەکان چەواشە دەکەن. لەم بارەوە بانکی جیهانی، ئاماری نەخوێندەواری لە ئێراندا، بە ١١.٦ ملیۆن کەس ڕاگەیاندووە کە ئەم ڕێژەیە بە نزیکەی ٣ ملیۆن کەس زیاترە لەوەی کە نابەرپرسانی ڕێژیم باسی دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی یوونێسکۆ، ٢ لەسەد لە لاوانی خوار تەمەن ٢٤ ساڵ لە ئێراندا، هیچ چەشنە خوێندەوارییەکیان نییە.

هەرچەندە بەپێی یاسای پەسەندکراوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەبێ ناوەندەکانی فێرکردن لە هەموو بەشەکانی ئێراندا بوونیان هەبێت و خوێندن هەتا تەواوکردنی ئاستی ناوەندی بەخۆڕایی بێت، بەڵام  لە ئێستادا خوێندن لە قوتابخانە حکوومەتییەکانی ڕێژیمیش خەرجی گرانی هەیە، کە لە دۆخی ئێستادا زۆرێک لە بنەماڵەکان توانای دابینکردنیانی نییە.

زۆرترین کەسانی نەخوێندەوار، لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران، لە پارێزگاکانی وەک: ئیلام، لوڕستان و سیستان و بەلووچستان و ناوچە سنوورییەکان نیشتەجێن، کە هیچ چەشنە خزمەتگوزارییەکیان نییە.