کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس لە ئێران مەترسیی بێکاری و دەرکردن لەسەرکاریان لەسەرە

14:13 - 14 خاکەلێوه 2720

لە ڕاپۆرتێکدا، وەزارەتی "تەعاون، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیـ"ـی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دۆخی کاروکاسبی بەرەو قەیران دەڕوات و زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس لە ئێران مەترسیی بێکاری و دەرکردن لەسەرکاریان لەسەرە.

جێگری ئابووریی وەزارەتی "تەعاون، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیـ"ـی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا لەهەمبەر کاریگەرییەکانی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی ئێران هۆشداریی داوە کە زیاتر لە ٤ ملیۆن و ٨٠٠ هەزارکەس لەوانەی کە کاریان هەیە، مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە کارەکانیان لەدەست بدەن و دۆخی کاروکاسبی دوای تەشەنەسەندنی کۆرۆنا دەچێتە حاڵەتێکی قەیراناوییەوە.  

لەم ڕاپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە کە تەشەنەسەندنی نەخۆشیی کۆرۆنا بووەتە هۆی ئەوەی کە بازاڕی کار لە هەر دوو بواری ''دەرخەستە و خواستە'' (عرضە و تقاضا) بچێتە ژێر کاریگەییەوە، لەلایەکی دیکەش داخستن و کەمبوونەوەی چالاکییەکان، دەرکردنی هێزی کاری لێدەکەوێتەوە.

لەم ڕاپۆرتەی ئەو وەزارەتخانەیەی ڕێژیم باس لەوە کراوە کە بازاڕی کاری ئێران لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی بەشداری، دابەزینی پیشە و بەرزبوونەوەی بێکاری بەرەوڕوو دەبێتەوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئەو کار و کاسبییانەی کە زۆرترین زیانیان لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێگەیشتووە هەتا پێش بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە شوێنی کاری  ٤ ملیۆن و ٨٣٨ هەزار بووە؛ ئەو کار و کاسبییانە ٢٠ لەسەد لە کار و پیشەی ئێران پێک دێنن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێش لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێران زۆرترین ئاستی بێکاریی هەبووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئاستی ژیانی خەڵک خراپتر دەبوو؛ لە ئێستادا بەهۆی ئەم نەخۆشییە قەیرانێکی گەورەتر دروست بووە و ژیانی خەڵک مەترسیی لەسەرە.