کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە نیوەی بێکارانی ئێران خاوەن بڕوانامەی زانکۆن

11:46 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: زانکۆکان لە ئیراندا، زیاتر لە ٥٠ لە سەدی حەشیمەتی بێکارەکان بەدی دێنن کە خاوەن بڕوانامەی زانکۆن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "بۆڕنا"ی سەر بە خودی ڕێژیم، ئاماری مەدرەکگەرایی لە ئێراندا لە ئاستێکدایە کە لە دنیادا وێنەی نییە، بە شێوەیەک کە لە ئێراندا ٥ هێندەی وڵاتانی پێشکەوتوو زانکۆ هەیە، واتا ٢هەزار و ٦٤٠ زانکۆ، کە بە پێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی ئسپانیایی "CISC"، ڕێژەی زانکۆوەکان لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی دنیادا کەمتر لە ٥٠٠ زانکۆیە.

 ئەو ڕێژەیە لە زانکۆوەکان لە ئێراندا نزیکەی ٥هەزار میلیارد تمەن، لە بوودجەی گشتیی ئەو وڵاتە لە نێو دەبات و زیاتر لە ٥٠ لە سەدی حەشیمەتی بێکاری ئێران پێک دێنێت.

لەو پێوەندییەدا، کۆمەڵناسێک بە ناوی "نەیێرە تەوەکولی" لە وتووێژێکدا وتوویەتی: "شاڵاوی داخوازی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە زۆر بووەتەوە و لە کوالێتیی ئەو مەدرەکانەدا شک و گومان هەیە و مەدرەک هۆکارێک نییە بۆ گەیشتن بە هەلی کار".

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە ئامەژەی بەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران بووە بە کارخانەی بەرهەمهێنانی مەدرەکی بێ بایەخ، کە نەتەنیا کێشەی ئەو وڵاتە چارەسەر ناکات، بەڵکوو کێشەگەلێکی سەیر و سەمەرەتریش لەو وڵاتەدا بەدی دێنێت، کە لە جۆری خۆیدا نایابە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای زانکۆوەکانەوە، بە بیانووی پێدانی بڕوانامە بۆ وەدەستهێنانی هەلی کار، پارە و سەرمایەی خەڵکی ئەو وڵاتە دەبەن و لە ئاکامیشدا بە قسەی خودی هەواڵدەریی و کۆمەڵناسەکانی ئەو ڕێژیمە، ئەو بڕوانامانەی کە لە زانکۆکانی ئێراندا دەدرێت نابنە هۆکارێک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، بەڵکوو ڕێژەیەکی زۆر لە بێکاران لەو وڵاتەدا پێک دێنێت.