کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە٣٥ نەو نەمامی قوتابخانەی ئاوایی شیناوێ‌ قوربانی دەستی بێ‌ ئیمکاناتی/ بارودۆخی ژمارەیەکیان ناجێگیرە

13:57 - 16 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بە هۆی بێ‌ ئیمکاناتی و کەمتەر خەمی ئیدارەی پەروەردە ژمارەیەک قوتابی کچی پۆلی چواری سەرەتایی که سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە لە پۆلەکانیان ئامادە بوون، بە هۆی تەقینەوەی کورەی نەوتی پۆلەکەیان بوونە قوربانی.
لەماوەی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەدا کە سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممە رووی دا، کۆمەڵێک زانیاری لە تۆڕە گشتییەکان بڵاو بۆتەوە و ئەمە لەحاڵێک دایە کە بەشێک لە ماڵپەڕەکان ژمارەی سووتاوەکان ٣٦ و بەشێکی دیکە ٣٧ و ٣٨ قوتابیان راگەیاندووە.
ژمارەیەک لەو قوتابیانە بەهۆی زۆر بوونی رادەی سووتانەکەیان رەوانەی شاری ورمێ‌ کراون و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەک لە تەندروستیان لەبەر دەست دا نییە.
رەوانە کردنی ئەو قوتابییە تەمەن ١١ هەتا ١٢ ساڵانەیانە بۆ شارەکانی دیکە، لە پلەی یەکەمدا نیشانەی بێ‌ ئیمکاناتی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار و لایەنێکی دیکەی ئەو مەسەلەیەش ئەوەیە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ ئیمکانات و پزیشکی پسپۆڕی بۆ ئەو شارە دابین نەکردووە.
کەڵک وەرگرتنی ئەو پۆڵە نەونەمامانە لە کوورەی نەوتی لەحاڵێک دایە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی باس لە خزمەتگوزارییەکانی بۆ کوردستان و شار و لادێیەکان دەکات.
قوتابخانەی انقلاب اسلامی لە ئاوایی شیناوێ‌ سەرەڕای داواکاریی چەندین جارەی هاووڵاتییانی ئەو ئاواییە، لە کەڵک وەرگرتن لە گازی شاری بێبەری بووە.
ئەو قوتابخانەیە لە ٥٠٠ میتریی شاری پیرانشار هەڵکەوتووە و زیاتر لە ٣٥٠ قوتابیی کچ و کوڕی لە دوو شیفتی سەر لەبەیانی و دوانیوەرۆ، لەخۆ گرتووە.
لەهەر پۆلێکی ئەو قوتابخانەیەدا نزیک بە ٣٥ هەتا ٣٨ قوتابیی تێیدا دادەنیشی و ئەمە لەحاڵێک دایە کە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان هەر پولێک دەبی ١٥ هەتا ٢٠ قوتابی لەخۆ بگرێ.
جێگای سرنج راکێشی ئەو پۆڵانە لێرە دایە کە سەرەڕای داهاتی بەرچاوی رێژیم ئێستاش میز و سەندەڵیی بەشێکی بەرچاو لە قوتابخانەکانی کوردستان لە تەختە دروست کراون و بەپێی کارناسانی ئاگر کوژێنەوە، بوونی میز و کورسیی تەختە لە کلاسی چواری سەرەتایی قوتابخانەی انقلاب اسلامی تەشەنەی بە ئاگرەکە داوە.
هەتا ئێستا هیچ لایەنێکی پێوەندیدار و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، گیان لەدەست دانی هیچ کام لەو قوتابیانەیان پژڕاست نەکردۆتەوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان ٢٩ کەس لەو قوتابییە کچانە بە هۆی زۆر بوونی رێژەی سووتاوەکەیان رەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ و ٦ کەسی دیکەشیان رەوانەی شاری تەورێز کراون.

2954.jpg


هەر لەو پێوەندییەدا بنەماڵە کەس و کاری ئەو منداڵە سووتاوانە لەبەر دەرگای نەخۆشخانە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری پیرانشار کۆبوونەتەوە و وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی لێپرسراوی ئەو ئیدارەیە بوون.
لەلایەکی دیکەوە رەسووڵ خزری نۆینەری شاری پیرانشار لە مەجلیسی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هۆکاری ئەو رووداوەی گەڕاندۆتەوە بۆ کەمتەر خەمی لێپرسراونی رێژیم لەهەمبەر ئەو قوتابخانەیەدا و هاوکاتیش داوای دەست لەکار کێشانەوەی وەزیری وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی رێژیمی کردووە.