کوردستان میدیا: ئاگرتێبەردان لە دارستانەکانی زاگرۆس بەردەوامە و لە ئەمساڵدا بە سەدان هێکتار لە داربەڕوو و لێڕەوار و مەزراکانی کوردستان، بوون بە قەقنەس.
ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ٨ و ٩ی گەلاوێژ، بەهۆی ئاگربەردان لە دارستانەکانی داڵاهوو، سەر بە شارستانی سەرپێڵ زەهاو، زیاتر لە ١٠٠ هێکتار لە داربەڕوو و لەوەڕگەکانی ئەم دارستانە بوون بە خۆڵەمێش.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا لە سەرپێڵ زەهاو، ئەم ئاگرانە هۆکارێکی سروشتیی نییە و زۆرتر لە لایەن ڕێژیم و دەستوپەیوەندییەکانیانەوە، بەر دەدرێنە دارستانەکانی کوردستان.
هەروەها، ئەم ئاگرانە لە لایەن ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە کۆنترۆڵ کراون و ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بۆ کوژاندنەوەیان نەداوە.
ئەم ئاگربەردانانە، لە درێژەی هەوڵ و سیاسەتی ڕێژیم بۆ کاولکاریی سروشت و ژینگەی کوردستان دێت و لە بەرامبەردا، خەڵکی کوردستان بە کەمتەرین کەرەستەی ئاگرکوژاندنەوە، بەرەوڕووی ئەم ئاگرانە دەبنەوە.