کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ئاگردا سووتا

13:00 - 5 جۆزەردان 2720

دارستانەکانی شاری ''گەچساران'' سەر بە پارێزگای ''کەهگیلویە و بویرئەحمەد'' دوای  تێپەڕینی زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر، بەهۆی کەمترخەمی و بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم و هەروەها نەبوونی هێلیکۆپتێری ئاگرکوژێنەوە، هەروا دەسووتێن.

دوای ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس لە شاری گەچساران، خەڵکی ئەو ناوچەیە بە شێوەی خۆڕسک هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دا، بەڵام بەهۆی شاخاویبوونی ناوچەکە نەیانتوانی ئاگرەکە بکوژێننەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە تەرخانکردنی هێلیکۆپتێری ئاگرکوژێنەوە بۆ دامرکاندنی ئاگرەکە خۆیان بواردووە و هەتا ئێستا هەوڵێکیان ئەنجام نەداوە.

پێشتر لەمە، وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم، بەرپرسی دابینکردنی هێلیکۆپتێرئاگرکوژێنەوەی ئەم ناوچەیە بووە کە بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجە لەلایەن ڕێژیمەوە، لە دابینکردنی هێلیکۆپتێری ئاگرکوژێنەوە خۆی بواردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لەو ناوچەیە، هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکانی گەچساران سووتاوە.