کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٣ هەزار ماتۆڕسوار لە یەک ساڵدا گیانیان لە دەست داوە

17:16 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێگاوبانەکانی ئێران و بە تایبەت کوردستان، بە هۆی ناستانداربوونیان بەردەوام قوربانیی دەگرێت و لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ٣ هەزار ماتۆڕسوار گیانیان لە دەست داوە.

ڕێکخراوی پزیشکی یاساییی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ڕابردوودا ١٧ هەزار و ١٨٣ کەس بە هۆی ڕووداوی شۆفیرییەوە کوژراون، کە لەم ڕووداوانەدا، زۆرتر لە ٣ هەزار و ٧٠٠ ماتۆڕسوار گیانی خۆیان لەدەست داوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکی یاساییی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی بانەمەڕ، بە ئاماژەدان بە ماتۆڕسوارە کوژراوەکان وتی کە ٣٨٦ کەس لەو کوژراوانی ماتۆڕسوار هی تارانە و تاران لە پلەی یەکەم دایە و پاڕیزگاکانی فارس و ئیسفەهان پلەکانی دووەم و سێیەمیان هەیە.

ئێران لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین تەلەفاتی ڕووداوەکانی ڕێگاوبانی هەیە.

ئیستاندارد نەبوونی کەرەستەکانی هاتوچۆ، کێشەی ڕێگاکان، نەبوونی خزمەتگوزاریی ئەوتۆ و لەبەرچاونەگرتنی یاساکانی هاتوچۆ و شۆفیری، لە هۆکارەکانی بەرزبوونی ئەم ڕووداوانەیە.