کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە پەنجا زانکۆ و ناوەندی پەروەردەیی لە ئێراندا داخراون

13:09 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە پەنجا زانکۆ و ناوەندی پەروەردەییی باڵا لە سەرتاسەری ئێراندا داخراون.

سەرەڕای ئەوەی کە لە ئێراندا بارودۆخی خوێندن زۆر دژوارە و ساڵانە ئاماری نەخوێندەواری لەو وڵاتە و بەتایبەت لە ناوچە دواکەوتووەکاندا پەرە دەستێنێت، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە ماوەی کەمتر لە یەکساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پەنجا زانکۆ و ناوەندی پەروەردەییی باڵا لە سەرتاسەری ئێراندا داخراون.

ڕۆژی شەممە ۱ی بانەمەڕ، مەنسوور غوڵامی، وەزیری زانستی ڕێژیمی ئێران، بە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ڕایگەیاندووە: کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە پەنجا زانکۆ و ناوەندی پەروەردەییی باڵا لە سەرتاسەری ئێراندا، بە هۆکاری نزمیی کوالیتی و ناستانداردبوونی پەروەردەیی داخراون.

داخستنی ئەم زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییانە لە کاتێکدایە، کە چەند ڕۆژ پێشتر بەرپرسانی زانکۆوەکانی تاران، لە هەمبەر کەمیی بوودجە و ئەگەری سەرهەڵدانی هەر جۆرە قەیرانێک لەو زانکۆوانە، ئاگادارییان داوە و لەم بارەوە مەترسی و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

لە کاتێکدا کە لە سەرتاسەری وڵاتێکی گەورە و فرەنەتەوەی وەک ئێراندا، تەنیا ۸۵۰ زانکۆ و ناوەندی پەروەردەیی باڵا هەیە، وەزیری زانستی ڕێژیم له کابینەی ئاخوند "حەسەن ڕۆحانیـ"ـدا، وتوویەتی: ئاکامی لێکۆڵێنەوە زانستییەکانی ناوەندە توێژینەوەکانی وڵات پیشانیان داوە، کە ئێران هیچ پیویستی بەو زانکۆ و ناوەندە پەروەردەیییانە نییە و دەبێت بارودۆخی پەروەردە لە ئێراندا باشتر بکرێت.

هۆکاری سەرەکیی داخرانی ئەو زانکۆ و ناوەندە پەروەردەیییانە لە سەرتاسەری ئێراندا، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم و بایەخ نەدانی ئەو ڕێژیمە بە خوێندن و پەروەردە لەو وڵاتەیە و بەم بۆنەوە ساڵانە ئاماری نەخوێندەواری لە ئێراندا و بەتایبەتی لە ناوچە دواکەوتووەکانی وەکوو بەلووچستان و کوردستان ڕووی لە زیادبوونە.