کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە چوار ڕۆژە قەسابەکانی شاری سەقز لە مانگرتندان

10:29 - 18 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بۆ جارێکی دیکە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا قەساب و گۆشت‌فرۆشەکانی شاری سەقز لەهەمبەر بەڕێوەبەریی نادرووست و نرخی بەرزی گۆشتی سوور دەستیان دایە مانگرتن و داوای چارەسەری لۆژیکییانەی ئەم کێشەیە دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە شاری سەقز گەیشتووەتە ٦٥٠٠٠ تمەن ؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە نرخی هەموو کاڵایەک بە تایبەت شتومەکی ڕۆژانە و خواردەمەنییەکان پەیتا پەیتا ڕووی لە هەڵکشانە و هەتا ئێستاش کاربەدەستانی ڕێژیم هیچ ڕێگایەکی گونجاویان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی گرانی پێ نەبووە .

بەوتەی بەشێک لە قەسابەکان، کاربەدەستانی ڕێژیم لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا زەختیان خستووەتە سەر قەسابەکانی شاری سەقز کە دەبێ کیلۆیەک گۆشت بە ٥٥٠٠٠ تمەن بفرۆشن، لە حاڵێکدا تێچووی گۆشتی سوور لە کوشتارگادا بۆ قەسابەکان نیزیک بە ٦٠٠٠٠ تمەنە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە عەقڵییەتی هەڕەشەو گوشار و بێدەنگکردن دەیهەوێت گرفتە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەکانی وڵات چارەسەر بکات بۆیە بەهەمان بیرۆکەیشەوە ڕووبەڕووی خەڵکی کاسبکار و بازاڕی دەبێتەوە . هەر بەم هۆیەوە زیاتر لە چوار ڕۆژە قەسابەکانی شاری سەقز دەستیان داوەتە مانگرتنێکی ئارام و لە کوشتاری حەیوان و فرۆشتنی گۆشتی سوور خۆیان بواردووە .

ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ئەمساڵیش قەسابەکانی شاری سەقز بەشێوەی ڕانەگەیێندراو مانیان گرت و بە هۆی گرانی لە ڕادەبەدەری ئاژەڵ قەسابەکانی سەقز نەیانتوانی ئاژەڵ کوشتار بکەن، هەر بەم هۆیەشەوە سەرەڕای ئەوە کە دووکانی قەسابییەکانی سەقز لە ژێر زەختی ناوەندە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو شارەدا ڕۆژانە دەکرانەوە بەڵام هیچ گۆشتێکیان تێدا نەبوو.