کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیان و خەسارەکانی لافاو لە کوردستاندا

14:03 - 17 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام لەناو لافاودا لەناوچوون.

لە سەرەتای نەورۆز و ساڵی نوێدا شەپۆلێکی بەهێزی باران و بەفر زۆربەی شار و پارێزگاکانی کوردستانی گرتەوە، کە لە ئاکامدا بووە هۆی هاتنی لافاوێکی بەهێز و کەموێنە؛ نا ئاگایی و ناکارناسیی بەرپرسانی ڕێژیم، خراپی و ناستانداردبوونی جادە، ڕێگاوبان و خانووەکان زیانەکانی ئەم لافاوەی چەند قات کردووەتەوە.

هاتنی ئەو لافاوە ماڵوێرانییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و ماڵ و حاڵی خەڵک شێواوە. شارەکانی: "پۆلدۆختەر، مەعموولان، بویرئەحمەد و خوڕەم‌ئاوا وهەموو گوندەکانی دەوروبەری ئەم شارانە بەتەواوەتی کەوتوونەتە ژێر ئاو و ڕێگای پێوەندی زیاتر لە  ٨٠ گوندی کرماشان  و ٢٠٠ گوندی خوڕەم‌ئاوای لوڕستان پچڕاوە و هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەست داوە.

بە هۆی هاتنی لافاوەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکانی پێنج پارێزگای سنە، کرماشان، خووزستان، گوڵستان و فارس کە جەمسەری بەرهەمهێنانی گەنم لە ئێراندان زیانیان پێ گەیشتووە. هاوکات پێنج پارێزگای بەرهەمهێنانی برنج وەکوو: مازەندەران، گیلان، گوڵستان، فارس و خووزستان تووشی خەسار بوونە.

لافاو بووەتە هۆی لەناوچوونی ٤ هەزار و ٦٣٦ سەر مەڕوماڵات و ٥ هەزار و ٩٧٥ کەنووی هەنگ زیانی بەرکەوتووە و ٥٠٠ هزار هێکتار کێڵگەی پەروەردەکردنی ماسی وێران بووە.

بەگوێرەی هەواڵەکانی ناوەندە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ئەم لافاوە لە شارەکانی داڵاهۆ بە بڕی زیاتر لە ٦٨ میلیارد تمەن، قەسری شیرین بە بڕی زیاتر لە ١٠ میلیارد و گێڵان بە بڕی زیاتر لە ١٠ میلیارد تمەن خەسار و زیانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بە پشتبەستن بە وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، مەزندە دەکرێت زیانەکانی لافاو زۆر لەوە زیاتر بێت کە بەرپرسانی ڕێژیم باسی لێوەدەکەن. خەڵک لە چەندین شوێنی لافاولێدراودا بۆ ماوەی زیاتر لە ٧٢ کاتژمێر بە بێ خۆراک و هیچ جۆرە پێداویستییەک ماونەتەوە و هەتا ئێستاش لە چارەنووسی هەندێک لە شوێنەکان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە؛ بەشێوەیەکی بەردەوامیش ناوەندە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم لە هەوڵی کەم نیشاندانی زیانەکانی ئەم لافاوانەن.

بارینی زۆری بەفر و باران، هاتنی لافاو و ڕۆچوونی زەوی لە زۆربەی شار و پارێزگاکانی کوردستاندا بەدواوە بووە و هەتا ئێستا چەندین وێنە ـ ‌فیلم لەم بارەیەوە بڵاو کراوەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەوەیکه هیچ هەوڵێک بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان نادەن، لە پێناو پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی خۆیان، خەڵکی دەکەنە قوربانی. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بە بڵاوکردنەوە کورتەڤیدیۆی هێرشی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، لە گوندی "جەلیزی"، لە ناوچەی دەشتی ئازادەگانی پارێزگای خووزستان لە هەرێمی ئەهواز، ڕایگەیاند: سپای پاسداران لە ناوچەکانی ئەهواز ویستوویەتی شوێنی لافاوەکان بگۆڕێت بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان و ئەو ناوچانەی کە خەڵکی لێ نیشتەجێیە تاکوو چاڵە نەوتییەکانی خۆی لەو ڕووداوە سروشتییانە بپارێزێت، ئەم هەوڵانە هێزەکانی سپا لەگەڵ بەربەرەکانێ و بەرخۆدانی خەڵکی گوندی جەلیزی لە دەشتی ئازادەگان بەرەڕوو بووەتەوە و لە ئاکامدا لاوێکی ئەو گوندە بە نێوی "عەبوود ڕەبێعی"، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران کوژراوە  و چوار لاوی تر بریندار بوونه.

 ئەو وێنە و کورتەڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی لافاولێدراوی ناوچە جیاجیاکانی ئێران؛ پاسدار ڕەمەزان شەریف وتوویەتی: "هێزەکانی سپا هیچ هێرشێکیان بۆ سەر خەڵک ئەنجام نەداوە، بەڵکوو ئەو دەنگۆیانەی کە دەوترێت گوشاری هێزەکانی سپا بۆ سەر خەڵک بۆ ئەوەیە کە ماڵەکانی خۆیان لە ناوچە مەترسیدارەکاندا چۆڵ بکەن، تەنیا درۆ و پڕوپاگەندەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و دوور لە ڕاستییە".

مەترسییەکی گەورەتر کە هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان دەکات ئەو مینە چێنراوانەی کاتی شەڕی ئێران و عێراقە، کە ئەگەری ئەوە هەیە لە کاتی لافاودا زەوییەکان ڕۆبچن و ئەم مینانە دەربکەون کە دەبێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر گیانی خەڵکی ئەم ناوچانە.

کارناسان هۆکاری کەوتنەوەی زەرەر و زیانێکی زۆری لەم چەشنە بەهۆی ئەم لافاوەوە بە نەزانی و ناکارناسیی بەرپرسانی ڕێژیم دەزانن. هەروەها پرۆژە کاولکەرانەکانی سپای پاسداران وەک: بڕینی داری دارستانەکان، کردنەوەی ماڵ لە قەراخ ڕووبارەکاندا و درووستکردنی بەنداو بەشێوەی نازانستی لە هۆکارەکانی دیکەی زیادبوونی زەرەر و زیانەکانی ئەم لافاوەن.

سەرەڕای ئەوەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەتا ئێستاش بە شێوەی پێویست بە هانای خەڵکەوە نەچوونە و هەڕەشەش لە خەڵک دەکەن که نابێت یارمەتی به خەڵک بدەن و لە ڕێگای هیلالی ئەحمەرەوە دەبێت یارمەتی کۆ بکرێتەوە.

پێشبینی دەکرێت لە دیسانەوە شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر شارەکانی کوردستان و ئێران بگرێتەوە، کە ئەگەری هاتنی لافاو بۆ جارێکی دیکەی هەیە.