کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیانەکانی وەرزێڕانی پارێزگای سنە قەرەبوو نەکراوەتەوە

10:17 - 10 رەزبەر 2721

نوێنەری کاروباری ئەسنافی وەرزێڕانی پارێزگای سنە وتوویەتی: "بەپێی بڕیاری دەستەی وەزێڕان کە لە پووشپەڕی ئەمساڵدا دەرچوو، دەبوایە بە وەرزێڕان مۆڵەتی زیاتر بۆ دانەوەی وامەکانیان بدرایەت کە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە ئەم بڕیارە لەلایەن بانک و بەرپرسانی ئەو بەشەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و وەرزێڕان لەلایەک بەهۆی لەنێوچوونی بەرهەمەکانیان و لەلایەکی ترەوە گەڕاندنەوەی پارەی وامەکانیان، لەژێر گوشاری زۆردان".

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ستادی کشتوکاڵی پاییزەی پارێزگای سنە، ''سەید حەسەن ڕەحیمی'' باسی لەوە کرد: ''ئەمساڵ جگە لە وشکەساڵی، گرانیی کوود و سەم بوو بە هۆکاری زەرەر و زیانێکی زۆر بۆ وەرزێڕان''.

هاوکات کەمتەرخەمیی بەرپرسان لەم بەشەدا بووە بە هۆکاری ساردبوونەوەی وەرزێڕان لە کارەکانیان و بەجێهێشتنی زەوی و زارەکانیان و پەناهێنان بۆ شارەکان کە دەبێتە هۆی زۆربوونی ڕادەی بێکاری لەو پارێزگایە.