کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیمێنس لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاریی بازرگانی ناکات

17:19 - 25 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆمپانیای زیمێنس، کە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئورووپایه، ڕایگەیاندووە کە لەمەوە بەدواوە ناتوانین لەگەڵ ڕێژیمی ئێران گرێبەستی بازرگانی ببەستین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "جۆ کایزر"، وتەبێژی کۆمپانیای زیمێنس، کە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا بازرگانییەکانی یەکیەتیی ئورووپایه، ڕایگەیاندووە، لە دوای چوونەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران گرێبەستی بازرگانی واژۆ ناکات.

کایزر ڕایگەیاندووە، بە هۆی ئەوەیکە ئامریکا دەیهەوێ گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران پەسند بکات، ئێمە دەبێ ڕێگایەکی نوێ بدۆزینەوە و پێداچوونەوە بە کارەکانماندا بکەین.

ئامریکا لە دوای چوونەدەرەوەی لە ڕێککەوتنی بەرجام، هۆشداری بە شیرکەتە ئورووپاییەکان دا کە بە هێچ شێوەیەک بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نەکەن و هەر شیرکەت و لایەنێکی بازرگانیش بیهەوێ هاوکاریی بازرگانیی ڕێژیمی ئێران بکات، لەگەڵ سزای توندی ئامریکا بەرەڕوو دەبێتەوە.

گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران، کە لەلایەن ئامریکاوە دژی رێژیمی ئێران پەسەند کراوە، ئەو وڵات و شیرکەتانەش دەگرێتەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران پێشێل دەکەن و لەو ئەگەرەدا، لەگەڵ جەریمە و سزای نەختی بەرەوڕوو دەبنەوە.

گەمارۆ ئابوورییە هەمە لایەنەکان دژی رێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زەربەی قەرەبوو نەکراوی بە بناغەی ئابووریی ئێران گەیاندووە و دوورەدیمەنی ئابووریی ئەم وڵاتەی لێڵ کردووە.