کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ زیندانیی سیاسیی عەرەب لە زیندانی "سپیدار"ی ئەحواز ئێعدام کران

18:24 - 11 رەشەمه 2720

٤ زیندانیی سیاسیی عەرەب بە ناوەکانی ''جاسم حەیدەری، عەلی خۆسرەجی، حوسێن سیلاوی و ناسر خەفاجیان'' ، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمە، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە زیندانی "سپیدار"ی ئەحواز ئێعدام کران.

سەرەڕای ئەوەیکە ئێعدامی ئەو ٤ زیندانییە دوای چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان ئەنجام دراوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان بنەماڵەکانی ئەو ٤ کەسەیان لە بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە ئاگادار نەکردبووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە عەرەبانە لە مانگی ڕێبەندان بەنیشانەی ناڕەزایەتی لە قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن و هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان لێوی خۆیان دوریبووە و مانیان لە خواردن گرتبوو.

پێشتر ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەنیسبەت ئەگەری ئێعدامی ٤ چالاکی عەرەبی ئەحواز لە ئێران هۆشداریی بە دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران دابوو و داوای لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە کردبوو لەو ماوەیەدا کە نیگەرانییەکان لە ئێعدامی کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران بەرز بووەتەوە، بە زووترین کات ئێعدامی ئەو ٤ کەسە ڕابگرێت.

جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا وتبووی: ''نیگەرانییەکان لە پێوەندی لەگەڵ کەمینە نەتەوەییەکان بەرز بووەتەوە و و ئەمە نیشان دادەت کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سزای ئێعدام بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕواکێ لەنێوان کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێران و کەسانی دیکە کەڵک وەردەگرن''.