کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ زیندانی لە نێوان ئێران و تورکیە ئاڵوگۆڕیان پێکرا

11:55 - 4 خاکەلێوه 2721

٢١ زیندانی کە بە تاوانی مادەی سڕکەرەکان لەلایەن هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکییەوە دەسبەسەر کرابوون، بەپێی ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان ئەو دوو وڵاته،لە سنووری بارزگان، ئاڵوگۆڕیان پێکرا.

"کەماڵ عەبدوڵڵاهی" ڕاوێژکاری جێگیری وەزیری دادگوستەریی ڕێژیمی ئێران لەو پەیوەندییەدا وتوویەتی: "لە گۆڕینەوەی ئەو ٢١ زیندانییە، ١٥ کەسیان ئێرانی بوونه و ٦ کەسیان خەڵکی تورکیە".

سەید "عەبدوڵڵاهی" وتوویەتی: "زۆربەی ئەو ٢١ کەسە بە تاوانی مادەی سڕکەر لەو دوو وڵاتە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو بەرپرسە قەزاییە ئاماژەی بە ناو و نیشانی زیندانییانی تاوانبار بە مادە سڕکەرە ئێرانییەکان و ڕێککەوتی ئاڵوگۆڕەکەیان نەکردووە.

لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وڵاتی تورکیە بوو بە شوێنی پەنابەرانی سیاسی، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین کەس لە چالاکانی سیاسی و هەتا دوایی، ڕادەستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کراوونەتەوە.

لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا، چەندین زیندانی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە گۆڕینەوەیان پێکراوە.