کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانیانی سیاسیی ورمێ بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ پەیامی پیرۆزباییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد

19:25 - 23 گەلاوێژ 2720

پۆلێک لە زیندانییانی سیاسیی گرتووخانەی ورمێ لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەبۆنەی ٧٥ــەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم یادە و لە سەرووی هەمووانیشەوە یادی پێشەوا قازی محەممەد بەرز ڕادەگرین.

ئێمە بە ڕێزگرتن لە ڕووحی پێشەوای نەمرمان و هەروەها شەهیدی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی وهەموو شەهیدانی حیزب پیرۆزبایی لە بنەماڵەی هەموو شەهیدان و خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەکەین.

حیزبی دێموکرات ئەو حیزبەیە کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی بۆ میللەتی کورد وەکوو بنەڕەتیترین مافی خۆی دیاری کردووە و بە جورئەت دەتوانین بڵێین ئەمە لە مێژووی هاوچەرخی کورددا گرینگترین ڕووداوی سەدەی بیستەم بوو.

حیزبی دێموکرات بە درێژایی مێژووی خۆی جگە لەوەی کە حیزبێکی کاریزماتیک و خۆشەویستی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان بووە خاڵیکی وەرچەرخانیش بووه بۆ شۆڕشی بەشەکانی دیکەی کوردستان.

بە درێژایی ئەم ٧ دەیە حیزبی دێموکرات لە ڕێگەی بە دەستهێنانی مافەکانی میللەتی کورددا شەهیدێکی زۆری داوە بۆ نموونە سێ ڕێبەری شەهید، بە دەیان و کادر و پێشمەرگە، ئەندام و زیندانیی سیاسی کە لەلایەن ڕێژیمەوە ئێعدا کراون، ئەم شەهیدانە بە خوێنی خۆیان ڕێگای خەباتیان بۆ ئێمە ڕووناک کردووەتەوە ئیرادەی ئێمەیان بەهێز کردووە، بە دڵنیاییەوە ئێمە هەتا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی میللەتی کورد و دابینکردنی هەموو مافەکانمان لە خۆبوردووانە خەبات دەکەین.

ئێمە وەک زیندانییانی سیاسی بە پێداگری لە سەر بیروباوەڕی چەندین ساڵەمان وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەلماندوومانە کە لە گشت قۆناغەکاندا و بە تێپەڕاندنی هەموو سەختی و دژوارییەکان بێ هیوا نەبووین و نابین .

ئێمە لە هەموو ئەم ساڵانەدا کە بە شێوەی ناعادڵانە لە زیندان ڕاگیراوین وەفادار بە هەموو ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و ئامۆژگارییە بە نرخەکانی ڕێبەرانی شەهیدمان و هەروەها ڕێباز و خوێنی شەهیدان و بەهای مێژوویی حیزبەکەمان وەفادار دەمێنینەوە.

ناو و یادی شەهید"هیدایەت عەبدوڵڵا پوور"بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندوو دەمێنێتەوە.

لەلایەن پۆلێک لە زیندانیانی سیاسیی گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ