کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکانی زیندانی ورمێ دۆخێکی زۆر نالەباریان هەیە

12:12 - 26 خەزەڵوەر 2720

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە زیندانی ورمێوە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، دۆخی خۆراک، دەرمان، کتێبخانە، وەرزش، شوێنی خەوی زیندانییەکان بە هیچ شێوەیەک باش نییە و زیندانییەکان پێداویستییەکانیان بۆ دابین ناکرێت.

 پەتای کۆرۆنا لە زیندانی ورمێ لەنێو زیندانییەکاندا بە شێوەیەکی مەترسیدار بڵاو بووەتەوە و بێهداریی ئەو زیندانەش هیچ پزیشکێکی تێدا نییە و دەرمانخانەش دەرمانی تێدا نییە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، دۆخی خۆراکی زیندانییەکان تەندروست نییە و کوالێتییەکی باشیان نییە.

هەروەها بەرپرسانی ئەو زیندانە بە ناردنی سیخوڕ و سازکردنی جەوێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو زیندانییەکان و خستنە ژێر چاوەدێریی هەڵسوکەوتی زیندانییە سیاسییەکان، شەڕی ڕەوانییان بۆ ساز دەکەن.

باس لەوە دەکرێت لە ئەگەری هەر جموجۆڵێکی زیندانییەکان، گاردی زیندان دەچنە ژوورەوە و بەتوندترین شێوە زیندانییەکان سەرکوت دەکەن.

زیندانییەکان لە ژوورە تاکە کەسییەکانی زیندانی "ورمێ" بە دەستبەند و پێبەندەوە ڕادەگیردرێن و ئەوەندە گوشاریان لەسەر دادەنێن هەتا مانگرتنەکانیان دەشکێنن.

بەندی ئەمنیی ئەو زیندانە بووەتە قەتڵگا و هەر کەسێک بچێتە ئەو بەندە ناچاری دەکەن بە خۆکوژی و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی لەو چەشنە بینراوە.

بەندی سیاسیی تازە دروستکراوی ئەو زیندانە کێشەگەلێکی زۆری هەیە و هێشتا نیوەکارەیە و کارەکانی تەواو نەکراوە، کەچی زیندانیی تێدایە.

ئەو کێشە و گرفتانە زیاتر لە دوای دەستبەکاربوونی "حەمزە بروجنی" وەک بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی پارێزگای "ورمێ" ڕوویان لەو زیندانە کردووە.