کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسی و هاوسەری پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

12:15 - 1 گەلاوێژ 2722

کاک "نەبی محەممەدی" زیندانیی سیاسی پێشوو و ئەندامی حیزبی دێموکرات خەڵکی شاری پاوە و هاوسەری خاتوو "موروارید مەولوودی" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بەهۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

کاک "نەبی محەممەدی" مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ـی هەتاوی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەسبەسەر کرا.

ناوبراو دوای سێ مانگ دەسبەسەری لە گرتنگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شارەکانی پاوە و کرماشان لەلایەن دادگای شاری پاوە بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ناوبراو لە کاتی دەسبەسەریدا دوو جار جەڵتە لێی داوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ـی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی کرماشان ئازاد کرابوو.

کاک "نەبی محەممەدی" لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوییەوە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و بە هەموو شێوەیەک یارمەتی حیزبی کردووە و کەسێکی دڵسۆز و پێداگر لەسەر بیر و باوەڕی بە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بووە.

هاوسەری کاک "نەبی محەممەدی" خاتوو "موروارید مەولوودی" لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوییەوە هاتووەتە ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکرات و ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بەڕێوە دەبات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک "نەبی محەممەدی" سەرەخۆشی لە هاوسەری بەڕێزیان وسەرجەم بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات.