کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسیی کورد سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی مەترسیدار لە زیندانی مەهاباد ئیزنی چارەسەریی پێ‌ نادرێت

13:30 - 14 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: لێپرسراوانی گرتووخانەی شاری مەهاباد پێشیان بە چارەسەریی پزیشکی زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان گرتووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قاسم رەحیمی‌ئازەر لە گرتووخانەی شاری مەهاباد تووشی نەخۆشیی سیل و حەساسیەتی پێست بووە و پێویستی بە چارەسەریی دەرەوەی زیندان هەیە.
دۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە کوردە رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات و ئەگەری ئەوە هەیە مەترسیی دیکەی جەستەیی بۆ ئەو هاووڵاتییە لێ‌ بکەوێتەوە.
لێپرسراونی گرتووخانەی شاری مەهاباد هەتا ئێستا ئیزنیان بەو زیندانییە نەداوە کە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی، سەردانی دەرەوەی گرتووخانە بکات.
ماوەیەک لەمەوبەریش لێپرسراوانی زیندانی مەهاباد لەبری چارەسەریی پزیشکی بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە، بۆ ژووری تاکەکەسییان گواستبۆوە.
قاسم رەحیمی‌ئازەر کوڕی عوسمان کارمەندی تاقیگەی نەخۆشخانەی بۆکان بوو و رێکەوتی ١٦ رەشەمەی ١٣٨٩ی هەتاوی دەسبەسەر و دوای ماوەیەک ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە بۆ جاری دووهەم رێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر کرایەوە.
ئەو چالاکە سیاسییە لە دادگای سەرەتاییدا بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیۆنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ٨ ساڵ زیندانی حوکم درا و پاشان لە دادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکەی بۆ ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.