کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسیی کورد ماڵاوایی لە ژیان کرد

16:11 - 14 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاک ''ڕەحمان ساڵحی" کەسایەتی نیشتمانپەروەر و زیندانیی سیاسی خەڵکی شاری بۆکان به هۆی نەخۆشی بۆ هەمیشە دڵی لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی،  کاک "ڕەحمان ساڵحی" زیندانی سیاسیی کورد و کەسایەتی نیشتمانپەروەری شاری بۆکان بە هۆی جەڵتە لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی تەورێز کۆچی دوایی کرد.

کاک ڕەحمان ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی، بە تاوانی بەشداری لە خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان دەسبەسەر کرا.

ناوبراو ماوەی ٢ ساڵ و نیو زیندانی کرا، پاش زیندان ماوەی یەک ساڵ لە زێدی خۆی دوور خرایەوە و پاشان بۆ ماوەی ٥ ساڵ لەژێر چاوەدێری دەزگا سیخورییەکانی ڕێژیمی خومەینی دابوو.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆرای خەڵكی ناوچەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.