کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"زێلێنسکی" سەرکۆماری ئۆکراین لەبابەت مینە چێندراوەکانی ڕووسیە هۆشداریی دا

13:04 - 13 خاکەلێوه 2722

"وێلادیمێر زێلێنسکی" سەرکۆماری ئۆکراین وتی کە هێزەکانی ڕووسیە دوای پاشەکشەیان لە ناوچەکانی باکوور خەریکی دانانەوەی مینن و هۆشداریی بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە لەبابەت بۆمباران و تەقینەوەی مینە زەوینییەکان دا.

ڕۆژی هەینی ١٢ی خاکەلێوە ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕووسەکان دوای پاشەکشەکردنیان لە هەر ناوچەیەک تەواوی ناوچەکە "مینڕێژ" دەکەن، ماڵ و دامەزراوە و تەنانەت تەرمی کوژراوەکانیش مینڕێژ دەکەن.

ناوبراو داوای لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کردووە کە هەتا دڵنیابوون لە پاکسازیی ئەو ناوچانە لە مینەکان، نەگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان.

 ناوبراو هەروەها وتی کە هێزەکانی ڕووسیە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینەوە سەرلەنوێ دەیانهەوێت هێرش بکەن و لە داهاتوودا شەڕێکی گەورەیان لە پێشە.

"وێلادیمێر زێلێنسکی" هەروەها وتوویەتی کە ئورووپا نابێ لە بەرامبەر ئەو کارەساتەی لە "ماریۆپۆل" ڕوو دەدات بێدەنگ بن و پێویست دەکات هەموو جیهان لە بەرامبەر ئەو کارەساتە مرۆڤییەدا کاردانەوەیان هەبێت.