کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زێلێنسکی: شورای ئەمنییەت بەخێرایی دەست بەکار بێت یان ئەو دامەزراوەیە بەتەواوی هەڵبووەشێنێتەوە

13:23 - 17 خاکەلێوه 2722

''زێلێنسکی'' سەرکۆماری ئۆکراین ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خاکەلێوە لە قسەکانی خۆیدا لە شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووسیەی بە ئەنجامدانی جینایەتی شەڕ تاوانبار کرد.

زێلێنسکی کە بە شێوەی ڤیدیۆیی لە شورای ئەمنییەت قسەی دەکرد، جینایەتی هێزەکانی ڕووسیەی لە شاری ''بوچا'' و ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینی بە جینایەتەکانی داعش وەسف کردووە و وتوویەتی: ''ئەوان ئەندامی لەشی خەڵکیان بڕیوە، دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنان و لە پێش چاوی منداڵەکانیان کوشتوویانن، بەهۆی ئەوەیکە نەیاندەویست ئەو قسانەی کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە پێیان دیکتە دەکرا بیڵێنەوە، زمانی ئەوانیان لە قوڕگیان دەرکێشاوە".

سەرکۆماری ئۆکراین باسی لەوە کرد، هێزەکانی ڕووسیە کەسانی مەدەنییان ئەشکەنجە کردووە، بە فیشەک لە سەری خەڵکیان داوە و لە چاڵیان هاویشتوون و تەنانەت وەکوو گەمەیەک ئەو کوشتارەیان ئەنجام داوە.

ناوبراو بێدەنگیی شورای ئەمنییەتی خستە ژێر پرسیار و وتی ئەو ڕێکخراوە یان بەخێرایی دەست بەکار بێت یان ئەو بەتەواوی هەڵبووەشێنێتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانی خۆێدا داوای کردووە ئەندامانی ئەرتشی ڕووسیە بە تاوانی ئەنجامدانی جینایەتی شەڕ محاکمە بکرێن.

لەو پێوەندییەدا ئامریکا ڕایگەیاندووە، وڵاتانی ڕۆژاوایی بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمەڵێک گەمارۆی زیاتر دژی ڕووسیە ڕابگەیەنن.