کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەروویەک بە ناوی نوێنەر، زاری لە خوێنی خەڵکی مەریوان ناوە

13:24 - 10 پووشپەڕ 2721

لە بەناو هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی ڕێژیمدا لە مەریوان، یەکێک لەو نوێنەرانە بە تەبانی‌کردن لە فیلتێری هەڵبژاردنەکان تێپەڕیوە و خەریکی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە بنەماڵەییەکانیەتی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" "شیوا قاسمی پوور" بەناو نوێنەری ڕێژیم کە بە تەبانی و کڕینی هەندێک لە بەرپرسانی کابینەی پێشوو وەک فەرمانداری مەریوان توانی لە فیلتێری هەڵبژاردنەکان تێپەڕ ببێت تا پلانە بەرژەوەندیخوازانەکانی بەڕێوە ببات.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بنەماڵەی "قاسمی پوور" کارنامەیەکەی ڕەشیان هەیە و سەر بە ڕێژیمی ئێرانن.

ناوبراو بۆ بەلاڕێدابردنی بیری خەڵکی ئەو شارە و هەروەها سەرپۆش دانان لەسەر گەندەڵییەکانی هەندێک کردەوەی ئەنجام داوە کە جگە لە خەڵک بە گەمژە زانین شتێکی دیکە نییە.

بۆ نموونە ڕۆیشتنی بۆ ناوچەی هەورامان و دانانی ستڵە ئاو لەسەر شانی وای نیشان داوە کە دەیهەوێ کێشەی بێ‌ئاویی گوندەکان چارەسەر بکات.

ناوبراو هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکارییەوە دەستی کردووە بە گەندەڵی و کارکردن لەپێناو خزم و کەسەکانی خۆیدا و لە یەکەمین هەنگاودا و بە هەوڵێکی هاوئاهەنگی‌کراو براکەی وەکوو شارەداری مەریوان هەڵبژاردووە.

هەروەها سەرجەم گرێبەستە تکنیکی و لێهاتوویی بۆ فێرکاریی لاوان سپێردراوە بە دامەزراوەکەی مێردی خوشکەکەی.

هەروەها بەپێی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر کە لەگەڵ "ئێقباڵ دال" فەرمانداری پێشووی مەریوان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا هەیبووە ئێقباڵ ئێستاش وەکوو فەرمانداری مەریوان لەسەر پۆستی خۆی ماوەتەوە و گوێ بە فەرمانی نوێنەر خۆش خزمەتی دەکات.

بەپێی ئەوم زانیارییانە "شیوا قاسمی پوور" تەنیا داشەهارەیەکی ڕێژیمە کە بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی و بنەماڵەیی ئامادەیە هەر کارێک ئەنجام بدات.