کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: ئامریکا لە بەرانبەر ئێراندا شکستی خواردووە

11:12 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە نوێترین چەواشەکارییەکانیدا، باسی لەوە کردووە کە ئامریکا لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا تووشی شکست بووە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، "محەممەد جەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە ڕێوڕەسمی "ڕۆژی میللیی سەنعەت و مەعدەنـ"ی ڕێژیم، ڕایگەیاند: "ئەو گوشارانەی ئەمڕۆ ئامریکا خستوویەتیە سەر کۆماری ئیسلامی، بەهۆی بەهێزیی ئامریکا یاخود لاوازیی ئێرانەوە نییە. هۆکاری ئەم گوشارانە بۆ شکستە یەک لەدوایەکەکانی دەوڵەتی ئامریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە. لە ڕاستیدا ئامریکاییەکان لەوە تێگەیشتوون کە  کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، کە وەک زنجیرێک بەدەستیەوە بەسترابوو ئازاد بووە و بوونی خۆی لە ناوچەکەدا فراوانتر کردووە".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە وڵاتانی سووریە، لوبنان و عێراق کردووە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە شاهیدی ڕووداوگەلێک لە عێراقدا بووین، یان تێبینیی ئەوەمان کرد لە سووریەدا هەموو جیهان یەکیان گرت، کە حکوومەتی سووریە تووشی کێشە بکەنەوە و چوونە یارمەتیی تیرۆریستەکان، بەڵام شکستیان خوارد. ئەوان دەیانویست دۆخی وڵاتی لوبنان تێکبدەن و پێیان وابوو دەتوانن لە یەمەندا بەسەر ویستی خەڵکدا سەربکەون".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدا بەم شێوەیە باسی وڵاتانی عێراق، سووریە و لوبنان و یەمەن دەکات، کە بە شێوەیەکی بەردەوام وڵاتانی ناوچەکە و خەڵکی ئەم وڵاتانە خوازیاری ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتەکانیان بڕواتە دەرەوە و دەستێوەردانەکانی بووەستێنێت.