کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف بەنیسبەت ئەگەری دەرکردنی بڕیارنامە دژی ئێران هۆشداریی دا

17:19 - 11 رەشەمه 2720

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەمە، لە بابەت ئەگەری دەرکردنی بڕیارنامە دژی ئێران لەلایەن شورای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، وتی: ''ئورووپاییەکان هەنگاوێکی هەڵەیان بە پشتیوانیی ئامریکا لە شورای حوکام دەست پێکردووە، وا بیر دەکەمەوە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە''.

''محەممەد جەواد زەریف'' باسی لەوە کردووە: ''تێکدانی ئەو دۆخەی ئێستامان لە ڕێگای باڵوێزی ئێران لە ڤییەن بۆ هەموو ئەندامانی شورای حوکام باس کردووە، هیوادارین عاقلانە بجووڵێنەوە ئەگەرنا ڕێکاری دیکەمان لەبەر دەستدایە".

بەهۆی پابەندنەبوونی ڕێژیمی ئێران بە بەڵێنییەکانی ڕێککەوتنی ناوکی، ئامریکا داوای لە ئەندامانی شورای حوکام کردووە کە لە دانیشتنی حەوتووی داهاتوویدا، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک سزا بۆ ڕێژیمی ئێران دیاری بکات.

ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی شواری حوکام داوای کردووە کە ئەو شورایە دەبێ داوا لە ئێران بکات هەتا هەموو بەڵێنییە ناوکییەکان بەڕێوە بەرێت و لە بابەت دۆزینەوەی ئاسەواری ئورانیۆم لە دوو دامەزراوەی ئەتۆمی ڕوونکردنەوە بدات.

ڕێژیمی ئێرانیش لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی وتوویەتی، ئەو هەوڵە بە جۆرێک ڕێک نەکەوتنە و بە واتای کۆتاییهاتنی بیاننامەی هاوبەشی ٢١ ڤێڤرییەی نێوان ئێران و ئاژانسی ناوکی هەڵدەسەنگێنێت.