کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: شەڕی کورتماوە لەگەڵ ئێران تەوەهۆمە

12:08 - 7 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم لەوپەڕی دەستەوەستانیدا لە لاف‌لێدان ناکەون و خۆیان بە براوەی ململانێیەکان لەگەڵ ئامریکا دەزانن.

پاش ئەوەی کە ترامپ لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا باسی لەوە کردبوو کە شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران زۆر ناخایەنێت، "محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی پووشپەڕ، وتوویەتی: "شەڕی کورتماوە لەگەڵ ئێران تەنیا تەوەهۆمێکە".

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە لاپەڕەی تویتێری کەسیی خۆیدا نووسیویەتی: "هەڵەلێکدانەوە، ئاشتیی دەخاتە مەترسییەوە" و بە زمانی هەڕەشەئامێز وتوویەتی: "کەسێک کە دەسپێشخەری شەڕ بێت، تەواوکەری شەڕەکەش نابێت".

ناوبراو ڕوو لە ترامپ نووسیویە: "لەنێوبردنی ئێران، کۆمەڵکوژی و جینایەتی شەڕییە و گەمارۆکان جێگرەوەی شەڕ نین، بەڵکوو خودی شەڕن".

 ئەم قسانەی زەریف لە هەمبەر قسەکانی ترامپ، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ بوو، کە وتبووی: "ئەگەر ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران بەدوای ڕێککەوتن و دانوستانەوە نەبن، گەمژە و خۆبەزلزانن".

ترامپ لە وتووێژ لەگەڵ "فاکس نیوز"دا، ئەگەری هێرشی نیزامیی بۆ سەر ئێرانی ڕەت نەکردبووەوە، بەڵام پێداگریی کردووە و وتوویەتی: "لە بارەی ئەوە قسە ناکەم کە پۆستاڵی سەربازەکانمان بگەنە خاکی ئێران. من تەنیا ئەوە دەڵێم کە ئەگەر شەڕێک ڕوو بدات، زۆر ناخایەنێت".

هەر لەم پێوەندییەدا، "عەلی فدەوی"، جێگری فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی پووشپەڕ، وتوویەتی: "ئامریکا لە هەمبەر تواناییە بەرگری و ئەمنییەتییەکانی ئێراندا ناتەوانە، بە هۆی هێزی بەرگریی وڵات، هیچ دوژمنێک وەکوو ئامریکا ناتوانێت تەنانەت یەک گوللـە بەرەو ئێران بتەقێنێت".

لافدان و هەراوهۆریای بەرپرسانی ڕێژیم کە پێیان وایە ئامریکای پێ دەترسێنن و پاشەکشەی پێ دەکەن، جیا لە ترس و دڵەڕاوکێ هیچی دیکە نین. ئەمە یەکێک لە شێواز و سیاسەتە گاڵتەجاڕەکانی ڕێژیمە، کە ساڵانێکە خۆیانیان پێوە ماندوو کردووە.