کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە مەترسیدایە

12:16 - 24 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرەبەری ساڵیادی چل ساڵەی ڕێژیمەکەیان ترسی ڕووخانیان لێ نیشتووە.

ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەز، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، لە چوارەمین کۆنگرەی حیزبی "ندای ئێران"، کە لە بورجی میلادی تاران گیرا، نیگەرانیی خۆی لەسەر ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە.

محەممەد جەواد زەریف، لەو کۆنگرەیەدا لە لێدوانێکدا، دژبەرانی "ڕێککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا"ی بەوە تاوانبار کرد، کە ڕۆژئاوا وەکوو ناوەندی جیهان دەبینن و هۆشداری داوە، جیا لە ناکۆکیی لایەنەکان، ئەمڕۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە مەترسیدایە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بە ڕاشکاوانە خامنەیی و خەمخۆرەکانی بە هاوتەریب لەگەڵ ئامریکا تاوانبار کرد، کە قسەکانی ترامپ لە نێوخۆ دووپات دەکەنەوە و وتوویەتی: ئامریکا ناتوانێت هەموو داواکارییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بە مەرجێک کە ئێمە چاوەڕوانی هەموو شتێک لە ئامریکا نەکەین و وا نەزانین هەر شتێک لەم وڵاتە ڕوو دەدات سەرێکی لە ئامریکایە.

نیگەرانییەکانی زەریف لە حاڵێکدایە، کە هاوکات ئەحمەد عەلەمەلهودا، پێشنوێژی و نوێنەری خامنەیی لە خۆراسانی ڕەزەوی، کازم سدیقی، پێشنوێژی تاران و هەروەها حەسەن ئەزغەدی، ئەندامی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیم، لە کاتی لێدوانیان لە نوێژی هەینیی ٢٣ی سەرماوەزدا، لە سیاسەتەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ڕۆحانی بەتایبەت پرسی خۆداپۆشین، گەڵاڵەکانی بەرەنگاریی لەگەڵ سپیکردنەوەی دراو، ڕەخنەی توندیان گرتووە.

نیگەرانیی بەرپرسانی ڕێژیم لە مەڕ نەمان و ڕووخانی ڕێژیمەکەیان، گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆیەوە و لەم پێوەندییەدا خامنەیی، چەند ڕۆژ پێش لە لێدوانێکدا نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمەکەی لە ساڵی ٩٨ی هەتاویدا دەربڕیوە و وتوویەتی: "ئەگەر لە ساڵی ٩٧دا ئامریکا بە گەمارۆوەکان گوشاری خستە سەرمان، لە ساڵی ٩٨دا بەرنامەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەیە".