کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: وڵاتانی ناوچەکە نادێموکراتن و گوێ لە خەڵکەکەیان ناگرن

17:22 - 3 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم سەرەڕای ئەو دۆخ و هەلومەرجە سیاسییەی کە بەسەر خەڵکدا سەپاندوویانە، وڵاتانی دیکە بە نادێموکراتیک دەزانن

محەممەد جەواد زەریف، لە بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی "دیالۆگی مەدیتەرانە"دا جگە لە کۆمەڵێک قسەکردنی ناڕاستی هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبوو.

چوارەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەییی "دیالۆگی مەدیتەرانە"، لە شاری ڕۆم پێتەختی وڵاتی ئیتالیا و بە بەشداریی ٥٠ وڵات دەستی بە کار کرد. ئەم کۆنفڕانسە کە زۆرێک لە بابەتەکانی تەرخان کرابوو بە قەیرانەکانی دەرەوەی دەریای مەدیتەرانە وەک: وزە، شەڕ لە یەمەن و سووریە، گەمارۆوەکانی سەر ئێران و هاوکاری نێوان ئورووپا و ئامریکا. کێشەکانی ژینگە، قەیرانەکانی ئابووری و تیرۆریسم.

لە پانێلی تایبەت بە ڕێژیمی ئیسلامی ئێراندا، محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکارانی ئەم پانێلەی دایەوە.

وەزیرەی دەرەوەی ڕێژیم وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی لە بارەی دەستێوەردانیان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا بەلاڕێدا برد و ئامریکای لە دروستکردنی قەیرانەکانی ناوچەکدا تاوانبار پیشان دا.

محەممەدجەواد زەریف لە سەرەتای قسەکانی خۆیدا ئامریکای بەوە تاوانبار کرد، کە هێرشکردنە سەر عێراق بووە هۆی دروستکردنی گرووپە تێرۆریستییەکان، هەروەها هۆکاری قەیرانەکانی ناوچەکەی بۆ نادێموکراتبوونی وڵاتانی ناوچەکەی گەڕاندەوە و وتوویەتی: "لە نەبوونی دێموکراسی و ناتواناییی ئەو دەوڵەتانەیە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییە ئابوورییەکانی خەڵکەکایەنە".

وەزیری دەروەی ڕێژیم لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردبوو، کە ڕێژیمی ئێران ٤٠ ساڵە لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ئامریکا ڕاوەستاوە و تەنانەت پێشکەوتنیشمان هەبووە. لە بارەی  گۆڕینی سیاسەتەکانی ڕێژیم محەممەدجەواد زەریف باسی لەوە کردووە، "بۆچی دەبێت ئێمە سیاسەتەکانی خۆمان بگۆڕین؟ بۆچی ئێمە پشتیوانیمان لە دەوڵەتی سەدام حسێن کردووە؟ یان پشتیوانیمان لە تێرۆریزم کردووە؟".

ئەم قسانەی محەممەدجەواد زەریف بێوەڵام نەمایەوە و ئەحمەد ئەبولغەیت، بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی عەرەب لە پانێلی دواتردا لە قسەکانیدا، ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی عەرەبدا بە مەبەستی پەرەدان بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد، "سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و ڕێز لە سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێی بگرێت".