کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: گەمارۆکانی ئامریکا ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتی بۆ لافاولێدراوان دەکەن

12:32 - 13 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران گەمارۆکانی ئامریکا دەکاتە بیانوو بۆ نەگەیاندنی یارمەتی بە لافاولێدراوان.

"محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە تویتێکدا، گەمارۆکانی ئامریکای بە ڕێگر لە بەردەم گەیاندنی یارمەتی بە ناوچە لافاولێدراوەکان دەزانێ و کەمکاری و نابەرپرسایەتیی ستادی قەیرانی ڕێژیم و بەرپرسانی ڕێژیم دەخاتە پاڵ ئامریکاوە.

زەریف، لە تویتەکەیدا نووسیویەتی "سیاسەتی گوشاری ئامریکا پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرمانی دیوانی نێونەتەوەیی دادگوستەریـ"ـیە.

ناوبراو هەروەها لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا ئامریکای بە تێرۆریسمی ئابووری تاوانبار کردووە و وتوویەتی ئەو کردارانەی ئامریکا تەنیا شەڕێکی ئابووری نییە، بەڵکوو تێرۆریسمی ئابووریشە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە هۆی ناکارامەیی ستادی قەیرانی ئەو ڕێژیمە و گرینگی نەدان به خەڵکی لێقەوماو و گلەیی و ڕەخنەی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕێژیم و بێهیواییان بە سیستەمی دەسەڵاتداری، هەرجارەو بە شێوازێک پاساو بۆ کەمتەرخەمییەکانیان دێننەوە.

 بە وتەی کارناسان، جۆرەکانی پرۆژه عومرانییە نازانستی و سەقەتەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم و لەوانە سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە گەورەترین هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم کارەساتانەن؛ درووستکردنی بێهۆی بەنداوەکان، لەنێوبردنی دارستانەکان بە بیانووی درووستکردنی ڕێگای هاتووچۆ و بە دەیان جۆرە پرۆژەی دیکە، لەو کارانەن کە ئەنجامدانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بە مەبەستی تێکدانی ناوچەکەیه و دەبنە ڕێگاخۆشکەر بۆ ئەوەی کە ڕووداوە سرووشتییەکان بە توندی و تەوژمێکی زیاترەوە ڕوو بدەن.