کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: ئیسرائیل لە هەوڵدایە لەنێوان ئێران و ئامریکا شەڕ هەڵبگیرسێنێت

11:15 - 14 بەفرانبار 2720

''محەممەد جەواد زەریف'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە تویتێکدا وتوویەتی، ئیسرائیل بەو ئامانجەی کە لە ناوچەکەدا شەڕ هەڵبگیرسێنێت لە هەوڵدایە لە عێراق هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئامریکا.

''زەریف'' باسی لەوە کردووە کە تەرحی ئیسرائیل ئەوەیە کە بژاردەی شەڕ بخاتە بەردەم ''دانلد ترامپـ''ـەوە.

ناوبراو ڕوو لە سەرکۆماری ئامریکا وتوویەتی: ''دانلد ترامپ! هۆشیاری ئەو داوە بە، هەرچەشنە شەڕێک وڵامی توندی بەدواوە دەبێت، بەتایبەت دژی باشترین دۆستەکانت''.

ئەو قسانەی زەریف لە کاتێکدایە کە ناوبراو دوو ڕۆژ پێشتر ''ترامپـ''ـی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە عێراقدا لە بیانوویەک دەگەڕێت تاکوو شەڕ هەڵبگیرسێنێت.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوەی کردبوو کە زانیاریی لەبەر دەستدایە کە واشنتۆن لە هەوڵی پلاندانان بۆ شەڕ لەگەڵ ئێرانە.

لە ساڵمەرگی کوژرانی "قاسم سلێمانی" هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای تۆڵەی قورس پەرەی سەندووە و بەرپرسانی ئامریکاش هۆشدارییان داوە کە هەرچەشنە هێرشێک لەلایەن ڕێژیمی ئێران یان گرووپە میلیشاکانی سەر بەو ڕێژیمە بەتوندی وڵام دەدەنەوە.